رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی هەڵبژاردنی پارتی داد و گەشەپێدان (ئاکپارتی) لە شرنەخ دەڵێت، لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکاندا دەنگی زۆریان لەو پارێزگایەی باکووری کوردستان بەدەستهێنا، ئاماژە بەوە دەکات ئەمڕۆش پارێزگاری لە دەنگەکانیان دەکەن.
سەردار تەتەر، بەرپرسی هەڵبژاردنی ئاکپارتی لە پارێزگای شرنەخ ئەمڕۆ (یەکشەممە) قسەی بۆ ناسر عەلی، نێردراوی تۆڕی میدیایی رووداو بۆ شرنەخ کرد و گوتی، تاوەکو ئێستا هەڵبژاردنی شارەوانییەکان لە شرنەخ بە رێکوپێکی و بێ کێشە بەڕێوەدەچێت، خەڵک دەچنە سەر سندووقەکانی دەنگدان و ئازادانە دەنگ دەدەن.
لە سنووری پارێزگەی شرنەخ 19 شارەوانی هەن؛ سەنتەری شرنەخ، 6 قەزا و 12 ناحیە.
سەردار تەتەر دەڵێت، لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019ـدا لە 15 شارەوانی براوە بوون؛ گوتیشی، "ئەم هەڵبژاردنە دەمانەوێت شارەوانی ناحیەیەکی دیکەش ببینەوە و بیکەینە 16 شارەوانی."
سەردار تەرتەر گوتی، "کاری شارەوانی خزمەتکردنە؛ لەو 15 شارەوانییە کە بەدەستی ئێمەوە بوون، خەڵک خزمەتی کراوە؛ بۆیە دڵنیاین خەڵک متمانەمان پێدەداتەوە."
پەیامنێری رووداو بە بەرپرسەکەی ئاکپارتی گوت، دەم پارتی "کاری زۆری بۆ زمانی کوردی کردووە و ئەوەش داوای خەڵکە. ئێوە چیتان کردووە بۆ زمانی کوردی؟" لە وەڵامدا بەرپرسەکەی ئاکپارتی گوتی، "لەوە دڵنیاین کوردبوونی ئێمە لەوانەی ئەندامی دەم پارتین زیاترە. ئێمە بۆ هەولێر، زاخۆ و قامیشلۆ دڵسۆزین؛ ئێمە خزمەتی کورد دەکەین."
بەرەبەیانیی ئەمڕۆ هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی تورکیا دەستیپێکرد و 61 ملیۆن و 441 هەزار و 882 کەس مافی دەنگدانیان هەیە؛ 50.59٪ـی دەنگدەران ئافرەت و 49.41٪ـشیان پیاون. لە هەڵبژاردنەکەدا، ملیۆنێک و 32 هەزار و 610 کەس بۆ یەکەمجار دەنگ دەدەن.
هەڵبژاردنەکە لە 30 گەورە شارەوانیی و 51 شارەوانیی شارەکان، 973 شارەوانیی قەزاکان و 390 شارەوانیی ناحیەکانی تورکیا و باکووری کوردستان بەڕێوەدەچێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ