کەشناسیی دهۆک: بەفر و بارانبارین تاوەکو نیوەڕۆی شەممە بەردەوام دەبێت

رووداو دیجیتاڵ 

شەپۆلێکی بەفر و باران هەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، بەڕێوەبەری کەشناسیی دهۆک پێشبینی دەکات، بارینی بەفر و باران تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی شەممە بەردەوام بێت، ئەمەش لەکاتێکدایە ماوەی 10 رۆژە لەنێو وەرزی بەهارداین.
 
ئومێد مایی، بەڕێوەبەری گشتیی کەشناسی و بوومەلەرزەزانیی پارێزگای دهۆک ئەمڕۆ (هەینی، 31-3-2023) بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند "چاوەڕوان دەکرێت ئەم شەپۆلە کە لەمڕۆوە دەستپێکردووە، تاوەکو 24 کاژێر بەردەوام ببێت، واتا تاوەکو نیوەڕۆی رۆژی شەممە".
 
سەبارەت بە بڕی ئەو بەفر و بارانەی ئەمڕۆ باریوە، ئومێد مایی گوتی، هێشتا ئامار و داتاکانی تایبەت بە رێژەی بەفر و بارانبارینیان پێنەگەیشتووە و بەهۆی بەردەوامبوونی شەپۆلەکەوە، بەیانی بڵاوی دەکەنەوە.

 

 
بەپێی ئامارەکانی ئەو بەڕێوەبەرایەتییە لەمساڵدا تاوەکو رۆژی پێنجشەممە، 30-3-2023، بڕی 408.3 ملیمەتر باران باریوە، لەکاتێکدا ئەو ژمارەیە لەساڵی رابردوو تاوەکو هەمان کات 342.5 ملیمەتر بوو، کە دەکاتە 65.8 مللیمەتر زیاتر بەراورد بە پار.
 

 

 

بەپێی خشتەی ئامارەکانی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کشتوکاڵی دهۆک، رۆژی پێنجشەممە، 30-3-2023، بڕی بەفر و بارانبارینی ناوچەکانی پارێزگای دهۆک بەمشێوەیە بووە:
 
-دهۆک: 3.7 ملیمەتر
-سێمێل: 4.2 ملیمەتر 
-باتێل: 2.5 ملیمەتر 
-ئەلقووش:  4 ملیمەتر 
-فایدە: 4.5 ملیمەتر 
-کانێ ماسێ: 6 ملیمەتر باران و 2 سانتیمەتر بەفر
-شێخان: 4.5 ملیمەتر
-باعەدرێ: 5 ملیمەتر
-چەمانکێ: 6 ملیمەتر
-ئەترووش: 12 ملیمەتر
-سەرسەنگ: 6 ملیمەتر
-بامەڕنێ: 5 ملیمەتر باران و یەک سانتیمەتر بەفر
-ئامێدی: 5 ملیمەتر  
-مانگێش: 5.5 ملیمەتر و 4.5 سانتیمەتر بەفر
-دێرەلووک: 4 ملیمەتر 
-شیلادزێ: 3 ملیمەتر 
-حوسێنییە: 1.8 ملیمەتر 
-ئاکرێ: 0.2  ملیمەتر