ئاسایشی هەولێر: ئەو کەسەی سەری دانی سوێدی تاشی دەستگیرکراوە


رووداو دیجیتاڵ

گۆرانیبێژێکی میلـلی لە هەولێر دەڵێت، لەلایەن کەسێکەوە هێرشی دەکرێتە سەر و سەری دەتاشرێت. گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر دەڵێت، هەمان رۆژی رووداوەکە تۆمەتباریان دەستگیرکردووە.
 
دیمەنێک لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکان بڵاوبووەتەوە، کە تێیدا کەسێک سەری کەسێک بە ناوی (دانی سوێدی) بە زۆر دەتاشێت کە گۆرانیبێژێکی میلـلییە، بڵاوبوونەوەی دیمەنەکە کاردانەوەی زۆری لێکەوتووەتەوە. ئەمڕۆ هەینی 31ـی ئادار، دانی سوێدی، گۆرانیبێژی میلـلی لە شاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە چەند رۆژێک پێش ئێستا روویداوە و تۆمەتباران لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراون.
 
دانی سوێدی دەڵێت، ئەوانەی سەریان تاشیوە بەڵێنیانداوە دیمەنەکە بڵاونەکەنەوە و بیسڕنەوە، بەڵام ئەمڕۆ بڵاویان کردووەتەوە. گوتیشی، لەگەڵ ئەوانەی سەریان تاشیوە یەکتر دەناسن و پێشتر دانیشتن (گەعدە)ی بۆ کردوون.
 
ئەو گۆرانیبێژە میلـلییە گوتی: "ماوەیەک پێش ئێستا خەریکی کلیپ بووم، ئەو کەسە [ئەوەی سەری دەتاشێت] گوتی: "منیش لە کلیپەکە بەشداری دەکەم. منیش گوتم: نابێ، ئەمە کلیپە و بۆ تیڤییەکانە؛ دوای ماوەیەک بە بیانووی بردنم بۆ سەر مەزاری نەمران، منیان برد و لە رێگە لە سەرتاشخانەیەک لاماندا و بەو جۆرە هێرشیانکردە سەرم".
 
لەسەر رووداوەکە عەقید سەباح خدر، گوتەبێژی بەڕێوەبەرایەتیی ئاسایشی هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، رووداوەکە 14ـی ئادار روویداوە و هەمان رۆژ تۆمەتباریان دەستگیرکردووە.
 
گوتەبێژی ئاسایشی هەولێر دەڵێت: "تۆمەتبارەکە ناوی کەیفی سابر حەمەدە و دەستگیراوە و ئێستا لە ئاسایش دەستبەسەرە و رێکاری یاسایی بەرامبەر گیراوەتە بەر".

 

عەقید سەباح گوتی، هاونیشتمانییان دڵنیا دەکەنەوە هەرکەس داواکراو بێت یان مافی هاووڵاتییەک پێشێل بکات رووبەڕووی یاسای دەکەنەوە.
 
هەروەها ئومێد خۆشناو، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "ئەو کەسانەی هێرشیانکردووەتە سەر گۆرانیبێژەکە، لەلایەن ئاسایشی هەولێرەوە دەستگیرکراون و دوای لێکۆڵینەوە، زانیاری زیاتر بە رای گشتیی دەدرێت".