راوێژکارێکی مەسرور بارزانی: دوای پێکهێنانی حکومەتی عێراق لەبارەی دۆسیەی نەوت گفتوگۆ دەکەین


رووداو- هەولێر

حکومەتی عێراق داوای لە حکومەتی هەرێمی کوردستان کردووە کەسانی رێگەپێدراوی بۆ جێبەجێکردنی بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی دۆسییەی نەوت و گازی هەرێمی کوردستان دیاری بکات؛ راوێژکارێکی سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستانیش دەڵێت، گفتۆگۆی نێوان هەردوو حکومەت لەو بارەوە دەکەوێتە دوای پرۆسەی پێکهێنانی حکومەتی عێراق.
 
رۆژی 29ی ئادار، وەزارەتی نەوتی عێراق و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوتی عێراق بە ئامادەبوونی ژمارەیەک لە پسپۆڕانی بیانی لەبارەی میکانیزمەکانی بەرێوەبردنی پیشەسازیی نەوتی هەرێمی کوردستان کۆبوونەوە؛ وەک لە راگەیێندراوی وەزارەتەکەدا هاتبوو، لەو کۆبوونەوەیەدا باسی بنەما و شێوازەکانی کارکردن لەگەڵ گرێبەستەکانی نەوت لە هەرێمی کوردستان کرا.
 
لەبارەی دەستپێکردنی وتووێژەکان، بێوار خنسی، راوێژکاری مەسرور بارزانی، سەرۆکی حکومەتی هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ پێنجشەممە 31ی ئاداری 2022 بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە لە حکومەتی هەرێمی کوردستان، هیچ گفتوگۆیەکمان لەگەڵ حکومەتی ناوەندی لەبارەی دۆسییەی نەوتەوە دەستپێنەکردووە؛ ئەو پرسە دەکەوێتە دوای پێکهێنانی حکومەتی داهاتوو؛ ئێمە بڕیارەکەی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراقمان پێ نادەستوورییە، بەڵام ئامادەی گفتوگۆین".
 
بێوار خنسی گوتیشی: "حکومەتی ئێستای عێراق حکومەتی کاربەڕێکەرە و ناتوانێت هەندێک پرسی گەورە یەکلا بکاتەوە و بڕیاری گەورە بدات".
 
لەو کۆبوونەوەیەی 29ی ئاداردا هەریەک لە وەزیری نەوتی عێراق، بریکارەکانی وەزارەت و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی وەزارەتەکە و کۆمپانیای نیشتمانیی نەوت و لیژنە تایبەتەکان بۆ ئەو مەبەستە ئامادە بوون.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق بەپێی نووسراوی (و/70) کە لە رۆژی 5ی ئاداری 2022 دەرچووە و تێیدا هاتووە، بە پشتبەستن بە بڕیارەکانی دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق ژمارە 59ی فیدراڵی و هاوتا یەکخراوەکەی ژمارە 110ی فیدراڵیی 2019 کە لە رۆژی 15ی شوباتی 2022 دەرچووە و ئاڕاستەی حکومەتی هەرێمی کوردستانی کردووە، داوا دەکات بۆ جێبەجێکردنی ئەو بڕیارە، حکومەتی هەرێمی کوردستان کەسانی رێگەپێدراوی خۆی دیاریبکات.
 
وەزارەتی نەوتی عێراق پێشنیازیکردووە، کۆمپانیای نەوتی نیشتمانیی هەرێمی کوردستان بەناوی (KROC) دروستبکرێت و سەر بە حکومەتی عێراق بێت و بارەگاکەی لە هەولێر بێت و رێوشوێنەکانی چاودێریی دیوانی چاودێریی دارایی بیگرێتەوە.
 
جگە لەوە، وەزارەتی نەوتی عێراق داوای لە هەرێمی کوردستان کردووە لە ماوەی 15 رۆژدا کۆپیی سەرجەم ئەو گرێبەستانەی هەرێمی کوردستان لە بواری نەوت و گاز لەساڵی 2004ەوە لەگەڵ کۆمپانیا بیانییەکان کردوویەتی پێشکێش بکات.
 
بەهۆی دوو سکاڵای وەزیری نەوتی عێراق و ئەندامێکی ئەنجوومەنی پێشووی پارێزگای بەسرە، کە لە ساڵانی 2012 و 2019 تۆماریان کردبوون، دادگەی فیدراڵیی عێراق لە 15.2.2022دا بڕیاری دا کە یاسای نەوت و گازی هەرێمی کوردستان "نادەستووری" بێت.
 
بڕیارەکەی دادگەی فیدراڵیی عێراق، کە سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان و پەرلەمانی کوردستان رەتیدەکەنەوە، لە کاتێکدایە لە دوای ساڵی 2003ەوە نەتوانراوە یاسایەک بۆ نەوت و گاز لە عێراق دەربکرێت.