30 ساڵ بەسەر کۆڕەو و ئاوارەبوونی زیاتر لە ملیۆنێک کورد تێدەپەڕێت

31-03-2021
بژار زوبێر @BBashqaly
دیمەنێک لە کۆڕەوی گەلی کورد لە ساڵی 1991
دیمەنێک لە کۆڕەوی گەلی کورد لە ساڵی 1991
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ
 
لە ساڵی 1991 بە هەزاران کەس بە پێ ملی رێگایان گرتەبەر، بۆ دۆزینەوەی پەناگەیەکی ئارام. لە تۆمار و ڤیدیۆکانی ئەو سەردەمە بەجێماون ترس و نیگەرانی لە نێوچاوی خەڵکییەوە دیارن، کۆڕەوەکەی لە ترسی هێرشی پێچەوانەی رژێمی بەعس بوو لە کاردانەوەی راپەڕینی ئاداری ئەو ساڵە. 
 
ئەمرۆ 30 ساڵ بەسەر کۆڕەوەکەی گەلی کوردستان تێدەپەڕێت. 31ی ئاداری ساڵی 1991، نزیکەی 10 رۆژ دوای راپەڕین و ئازادکردنی زۆربەی شارەکانی باشووری کوردستان لە دەستی رژێمی بەعس، سوپای ئەو کاتی عێراق هێرشێکی زەویی و ئاسمانی بەرفراوانی کردە سەر باشووری کوردستان و لە ئەنجامدا نزیکەی ملیۆنێک و 500 هەزار کورد لە ترسی دووبارەبوونەوەی ئەنفال و کیمیاباران، ماڵ و حاڵیان بەجێهێشت و بە رێگا سەختەکاندا خۆیان گەیاندە سنوورەکانی ئێران و تورکیا. 
 
لە ماوەیەکی کەمدا ژمارەیەکی زۆری کەمپی کاتی لەسەر سنووری ئەو دوو وڵاتە دروستکران. بە گوێرەی کۆمسیۆنی باڵای نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ پەنابەران، تاوەکو 6ـی نیسانی 1991، 750 هەزار کورد گەیشتنە نێو سنووری ئێران، 280 هەزاریان گەیشتنە نێو سنووری تورکیا و 300 هەزاری دیکەیان لەسەر سنووری ئەو وڵاتە مانەوە.
 
ئێران هەر زوو سنوورەکانی بەڕووی کورددا کردەوە، بەڵام تورکیا سەرەتا رەتیکردەوە سنوورەکەی بەڕووی پەنابەراندا بکاتەوە، دوای گوشاری نێودەوڵەتی و وەرگرتنی هاوکاریی دارایی، ئینجا دەرگەی بە رووی پەنابەراندا کردەوە. 
 
کۆڕەوەکە سەخت و دژوار بوو. منداڵ و پیر و پەککەوتەکان زۆرترین ئازاریان چەشت. ئاو، خواردن، چادر و دەرمان و چارەسەری پزیشکی بە دەگمەن دەست دەکەوتن. هەزاران کەس، بە تایبەتیش منداڵ و بەتەمەنەکان، بەهۆی سەرماوە گیانیان لەدەستدا.
 
ژمارەیەکی زۆریان لە رێگەی کۆڕەوەکەدا لە لایەن هێلیکۆپتەرەکانی گاردی کۆمارییەوە شەهیدکران. هەروەها بەهۆی تەقینەوەی ئەو مینانەی کە لە ماوەی جەنگی هەشت ساڵەی نێوان ئێران و عێراق لەسەر سنوور چێندرابوون، ژمارەیەکی دیکەیان کەمئەندامبوون یان کوژران، کە زۆربەیان منداڵ بوون. 
 
بەهۆی برسێتی و نەبوونی دەرمانەوە، زۆربەیان، بەتایبەتیش منداڵان تووش سکچوون، هەوکردنی سییەکان و بەدخۆراکی بوون. بەگوێرەی ئامارەکانی وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا و رێکخراوە مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، لەسەر سنووری تورکیا رۆژانە 500 تاوەکو هەزار کەس گیانیان لەدەستدەدا.
 
هەروەها لەسەر سنووری ئێرانیش بە هەمانشێوە، دەیان کەس لە رۆژێکدا گیانیان لەدەستدەدا. دیمەنەکانی کۆڕەوەکە لەلایەن ژمارەیەک میدیای جیهانییەوە خرانە بەردەم رای گشتی جیهان و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی. ئەوەش وایکرد هاوسۆزیێکی زۆر بۆ دەردەسەریەکانی کورد لەسەر ئاستی جیهان دروستبێت. 
 
 
ئەمریکا و هاوپەیمانی جەنگی کەنداو ناوچەی دژە فڕینیان دروستکرد بۆ گەیاندنی هاوکاری مرۆیی. هەروەها ئەنجوومەنی ئاسایشی نەتەوە یەکگرتووەکان بڕیاری ژمارە 688ی دەرکرد بۆ وەستاندنی هێرشی سوپای ئەو کاتی عێراق بۆ سەر باشووری کوردستان.
 
رێکخراوە مرۆییەکان دەستیان بە گەیاندنی خواردن و دەرمان و پێداویستییە سەرەتاییەکان کرد بۆ نێو کەمپە کاتییەکان. دوای ئەوە، کۆچی پێچەوانەی کورد بەرەو ناوچەکانیان دەستیپێکرد، بەڵام هەزارانیان لە ئێران مانەوە. تەنانەت دوای وەرگرتنی هاوکارییە مرۆییەکان و گەڕانەوەیان بۆ سەر زێدی خۆیان، رۆژانە بەهۆی کاریگەریی سەختی کۆڕەوەکەوە، ژمارەیەکی زۆری منداڵەکان گیانیان لەدەستدا. 
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.