لە سلێمانی رێکخراوێک زیاتر لە 100 سەگی بێلانە نەزۆک دەکات

31-03-2021
جووتیار قارەمان
کۆمەڵێک سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستان
کۆمەڵێک سەگی بێلانە لە هەرێمی کوردستان
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

رێکخراوێکی پاراستنی ئاژەڵان لە سلێمانی پرۆژەیەکی بۆ نەزۆککردنی سەگە بەرەڵاکان راگەیاندووە و لە قۆناخی یەکەمدا زیاتر لە 100 سەگی نەزۆک کردووە.
 
د. لاڤین عەبدولوەهاب، سەرۆکی رێکخراوی پاک بۆ پاراستنی ئاژەڵان لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداودا کە ئاسۆ سەراوی پێشکەشی دەکات رایگەیاند: "سەگەکان کە نەزۆک دەکرێن نیشانە لە گوێچکەیان دەدرێت بۆ ئەوەی بزانرێت کە نەزۆکراون. تاوەکو ئێستا زیاتر لە 100 سەگمان نەزۆککردوون. تێچووی نەزۆککردنەکە بۆ هەر سەگێک 100 بۆ 150 دۆلارە."
 
لە گەڕەکەکانی شاری سلێمانیدا سەگە بەرەڵاکان زیادیان کردووە، هاوکات کێشەیان بۆ خەڵک دروست کردووە و چەند جارێک مەترسییان بۆ خەڵک دروست کردووە.
 
هەروەها سەرۆکی رێکخراوی پاک دەڵێت: "ئێمە بینیمان کە سەگە بەرەڵاکان کێشەیان بۆ خەڵکێکی زۆر دروست کردووە، بۆیە دوای لێکۆڵینەوەیەکی زۆر بڕیارمان دا پرۆژەی نەزۆککردنی ئەو سەگانە رابەگەیەنین."
 
هاوکات نزار کەمال، لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی رایگەیاند: "ئێمە وەکو شارەوانیی سلێمانی چوار دۆنم زەویمان بۆ ئەو سەگە بێلانانە دابین کردووە کە لەنێوان گوندی ژاڵە و عەربەتدایە، خۆمان پەرژینی دەکەین و پاسەوانی بۆ دابین دەکەین."
 
نەزۆککردنی ئەو سەگانە کە رێگەیەکە بۆ بەرگرتن بە زیادبوونیان لە رێگەی نەشتەرگەرییەوەیە کە پێویستە پزیشکی پسپۆڕی نەشتەرگەریی ئاژەڵان بیکات.
 
د. یادگار سەعید، پزیشکی ڤێتێرنەری دەڵێت: "ئەم رێگەی نەزۆککردنە یەکێکە لە باشترین رێگەکان بۆ رێگریکردن لە زیادبوونی سەگە بەرەڵاکان. کردەی نەزۆککردن بۆ دێڵە سەگەکان قورسترە، چونکە دەبێت بە نەشتەرگەری منداڵدانیان دەربهێنرێت و بۆ هەفتەیەک لەژێر چارەسەری پزیشکیدا بن، بەڵام بۆ سەگە نێرەکان ئاسانترە کە دەتوانرێت دوای سێ رۆژ بەرەڵا بکرێن."
 
بە گوتەی سەرۆکی رێکخراوی پاک و لێپرسراوی بەشی خزمەتگوزاری لە سەرۆکایەتیی شارەوانیی سلێمانی لەو شارەدا نزیکەی سێ هەزار سەگی بەرەڵا لە گەڕەکەکاندا هەن.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە