72 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد تێدەپەڕێت
رووداو - هەولێر
پێشەوا قازی محەممەد، سەرۆککۆماری کوردستان، لە وەسیەتنامەکەیدا لە چلەکانی سەدەی رابردوودا داوا لە خەڵکی کوردستان دەکات له دووژمنایه‌تیکردنی یه‌کدی ده‌ستهه‌ڵبگرن، یەکگرتووبن، له‌به‌رامبه‌ر دووژمنی زۆرداردا ئازایانه رابووه‌ستن و بەهیچ شێوەیەکیش پشت بە بێگانە نەبەستن.
قازی محەممەد كوڕی قازی عەلییە و ساڵی 1893 لە بنەماڵەیەكی ناودار و خوێندەواری مهاباد لەدایکبوو و گەورەبوو؛ پێشەوا قازی لە 22-1-1946 دامەزراندنی كۆماری كوردستانی لە مەیدانی چوارچرای مهاباد راگەیاند و بووە یەكەم سەرۆككۆماری كوردستان، کە تەمەنی ئەو کۆمارە کەمتر لە ساڵێك بوو.
دوای گۆڕانی پارسەنگی هێز لە ناوچەکەدا قازی محەممەد بۆ رێگری لە رشتنی خوێنی هاونیشتمانییان لەلایەن دەسەڵاتی ئەو کاتەی ئێرانەوە خۆی رادەستی هێزە ئەمنییەكان كرد.
قازی محەممەد بەرەبەیانی 31ی ئاداری 1947 لەگەڵ سەدری قازی برای و سەیفی قازی ئامۆزای لە رێوشوێنێکی ئەمنی توونددا لەسێدارەدران.
پێشەوا قازی لەدوای خۆی وەسیەتنامەیەکی بەجێهێشتووە و تێیدا داوادەکات، کورد پشت بە خۆی ببەستێت و بەرژەوەندی گشتی نەکاتە قوربانی بەرژەوەندی تاکەکەسی.
بەشێک لە وەسیەتنامەکەی پێشەوا قازی محەممەد
- له دووژمنایه‌تی یەکتر ده‌ستهه‌ڵبگرن، یار و یاوه‌ری یەکدی بن، پشت به یەکدی ببه‌ستن.
- خۆتان بێهوده به دووژمن مه‌فرۆشن. دووژمن هەر ئه‌وه‌نده ئێوه‌ی ده‌وێت که کاری پێتانه.
- دووژمنه‌کانی نه‌ته‌وه‌ی کورد زۆر و زۆردارن، توانایان هه‌یه و بێبەزەیین.
- هێمای سه‌رکه‌وتنتان له یه‌کگرتندایه. هه‌ر نه‌ته‌وه‌یه‌ک یەکگرتوو نه‌بێت هه‌میشه له ژێرده‌ستیدایه.
- سه‌رکه‌وتن له خۆینده‌واریدایه.
- نابێت به کوشتنی من و براکانم چاوترسێن بن، هێشتا زۆری دیکه‌مان ده‌بێت له‌و رێگه‌یەدا له‌ده‌ستبچن تاوەکو به ئاره‌زووی خۆمان دەگه‌ین.
72 ساڵ بەسەر لەسێدارەدانی پێشەوا قازی محەممەد تێدەپەڕێت، بەڵام هەموو ساڵێک یادی دەکرێتەوە.
پێداچوونەوە؛ راوچی حەسەن