سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان سەردانی کەمپی ئاوارەکان دەکات

رووداو- هەولێر

سکرتێری نەتەوە یەکگرتووەکان لەگەڵ وەزیری کۆچ و کۆچبەرانی عێراق و پاریزگاری هەولێر سەردانی کەمپی ئاوارەکان لە باشووری کوردستان دەکات بۆ ئەوەی لە نزیکەوە دۆخی ئاوارەکانی موسڵ ببینێت.


ئێوارەی پێنجشەممە30-3-2017 سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان گەیشتە هەولێر و لەگەڵ مەسعود بارزانی ، سەرۆکی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، یەکێک لە تەوەری گفتوگۆکان بەپێی ماڵپەڕی سەرۆکایەتی هەرێمی کوردستان ، پرسی ئاوارەکانی نیشتەجێی هەرێمی کوردستان بووە.

ئەنتۆنیۆ گۆتێرز ، سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە کۆبوونەوەکەدا رایگەیاندووە "كۆمەڵگەی نێودەوڵەتی لە هاوكاریكردنی هەرێمی كوردستان لە حەواندنەوەی ئاوارەكان كەمترخەم بووە ، هەموو هەوڵێكم دەخەمەگەڕ بۆ كۆكردنەوەی پشتیوانیی جیهانی بۆ هەرێمی كوردستان لە مەسەلەی ئاوارەكاندا".

نەوزاد هادی، پارێزگاری هەولێر بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ئێمە داوای گەڕانەوەی ئاوارەکان دەکەین بۆ شوێنەکانی خۆیان ، پێویست دەکات نەتەوە یەکگرتووەکان هاوکارییەکانیان زیاتر بکەن چونکە دیار نییە ئاوارەکان تاکەی لێرە دەمێننەوە، لە سنووری پارێزگای هەولێر زیاتر لە 700 هەزار کەس ئاوارەی موسڵ و رۆژئاوای کوردستان هەن".

ئەمە یەکەمجار نییە کە ئەنتۆنیۆ گۆتێرز دێتە هەرێمی کوردستان و سەردانی کەمپی ئاوارەکان دەکات، بەو پێیەی پێشتر کۆمیسیاری باڵای پەنابەران بووە لە نەتەوە یەکگرتووەکان و ئەزموونی باشی لەو بوارەدا هەیە.

 

داڕشتنەوە؛ عومەر شایان