رووداو دیجیتاڵ
ژنێک بە قایمقامی شاری پۆلدەشت دەستنیشانکرا. بەمەش دەبێتە یەکەم ژن لە ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان ئەو پۆستە وەربگرێت.
دوێنێ پێنجشەممە، 30-01-2025، بە فەرمانی رەزا رەحمانی، پارێزگاری ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، ژنێک بە ناوی رەعنا قوربانی، وەکو قایمقامی پۆلدەشت دیاریکرا.
رەعنا قوربانی پێشتر چەندین پۆستی وەکو راوێژکاری قایمقامی ماکۆ، سەرۆکی کۆمیسیۆنی کاروباری ژنان لە قایمقامییەتی ماکۆ، بریکاری قایمقامی ماکۆ بۆ کاروباری پلاندانان و ئاوەدانکردنەوە و سەرپەرشتیاری ناحیەی ناوەندیی شاری ماکۆی پێدراوە.
دوای دەستبەکاربوونی رەزا رەحمانی وەکو پارێزگاری ورمێ لە 4ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئەوە یەکەم فەرمانی دەستنیشانکردن و گۆڕینی قایمقامی شارەکان بوو و رەعنا قوربانیش یەکەم ژنە لە پارێزگاکە بۆ ئەو پۆستە دیاری دەکرێت.
پۆلدەشت شارێکی سنوورییە و بە دووریی 49 کیلۆمەتر دەکەوێتە رۆژهەڵاتی شاری ماکۆ و تەنیا 33 کیلۆمەتر لە نەخجیڤانی ئازەربایجانەوە دوورە.
بەهۆی هەبوونی دەروازەی سنووریی سەنەم بۆلاغ لەگەڵ کۆماری خۆبەڕێوەبەری نەخجیڤانی سەر بە ئازەربایجان، شارەکە گرنگییەکی ستراتیژی لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێراندا هەیە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ