راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدا لەسەر مووچە

31-01-2025
رووداو دیجیتاڵ @Rudawkurdish
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

وەزارەتی دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی ئەنجامی کۆبوونەوەی شاندی هەولێر و بەغدا بڵاوکردەوە و دەڵێت، کۆبوونەوەکە لەبارەی بودجە و مووچەی هەرێمی کوردستان "لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا" بووە.

لە کۆبوونەوەکەدا، کە ژمارەیەک لە راوێژکار و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی هەردوولا ئامادە بوون، وەزارەتی دارایی دەڵێت، "لە کەشێکی ئیجابی و بەرپرسیارانەدا گفتوگۆ لەسەر بودجە و مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانی هەرێمی کوردستان کرا و تیشک خرایە سەر ئەو راپۆرت و داواکارییانەی لەلایەن تیمی تەکنیکیی هاوبەشی هەردوولاوە لەسەر داوای وەزارەتی دارایی فیدراڵ لە 10 رۆژی رابردوودا لە هەرێمی کوردستان ئامادە کرابوون."

شاندی هەرێمی کوردستان، بەپێی راگەیێندراوی وەزارەتی دارایی، "ئامادەیی خۆیان دووپات کردەوە بۆ هەماهەنگی و کاری هاوبەش بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری گشتگیر بۆ چەسپاندنی تەرخانکراوی پێویست بۆ دەستەبەرکردنی مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان لە ئەم ساڵدا."

لە بەشێکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا باس لە بەرەوپێشچوونەکانی پڕۆژەی (هەژماری من) کراوە، وەزارەتی دارایی دەڵێت، "بە داتا و زانیاری ژمارەی تۆمارکراوان لە پڕۆژەکە خرایەڕوو، هاوکات لەلایەن تیمی سەرپەرشتیاری پڕۆژەی (هەژماری من)ەوە پلانی خۆیان بۆ دابەشکردنی مووچە خستەڕوو، بەپێی پلانەکە بۆ ئەم مانگە نزیکەی 274 هەزار فەرمانبەر لە هەرێمی کوردستان بە شێوەی دیجیتاڵی مووچە وەردەگرن."

لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا ئەوە خراوەتەڕوو، بڕیارە سبەی شەممە 01-02-2025 کۆبوونەوەکان لەنێوان تیمەکانی وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵ بەردەوام بێت بۆ چارەسەرکردنی ئەو تێبینییە هونەریانەی ماوە، تاوەکو هەردوولا بگەنە رێكکەوتن لەسەر مووچەی فەرمانبەران و مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان بۆ ساڵی 2025.

رۆژی هەینی 31-01-2025 لە بەغدا بە سەرپەرشتی د. فوئاد حوسێن، جێگری سەرۆکوەزیران و سەرۆکی ئەنجوومەنی ئابووریی عێراق، کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان شاندی هەرێمی کوردستان بە سەرۆکایەتیی ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری و ئەندامێتیی د. ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران؛ د. عەبدولحەکیم خەسرەو، سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون و شاندی وەزارەتی دارایی عێراق بە سەرۆکایەتیی تەیف سامی، وەزیری دارایی عێراق بەڕێوەچوو.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

گۆشتی بەستوو. وێنەکە بۆ روونکردنەوەی هەواڵەکەیە: بڵند تاهیر - رووداو

چاودێریی بازرگانیی هەولێر: گۆشتی بەستوو خاو دەکرێتەوە و بە گۆشتی فرێش دەفرۆشرێت

شەوی رابردوو دوو شوێنی دیکەی بازرگانی لە هەولێر داخراون، یەکێکیان بە کەرەستەی بەسەرچوو پاقلاوەی دروستکردووە، یەکێکیش گۆشتی بەستووی خاو کردووەتەوە و بە گۆشتی فرێش فرۆشتوویەتی. بەڕێوەبەری چاودێریی بازرگانیی هەولێر دەڵێت، "زۆر کەس بە ئەنقەست بەدوای کاڵای بەسەرچوودا دەگەڕێن و دەیفرۆشنەوە."