رووداو دیجیتاڵ
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی دەڵێت، کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی فیدراڵی لە کەشێکی ئەرێنیدا بووە و هیوادارن رۆژی یەکشەممە پارە بنێردرێت.
ئەمڕۆ هەینی، 31ـی کانوونی دووەمی 2025، ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دوای کۆبوونەوەیان لەگەڵ شاندی حکومەتی عێراق لە هۆتێل بەغدا لە لێدوانێکی رۆژنامەڤانییدا گوتی: "باسی کێشەکانی لیستی مووچەی فەرمانبەران و خانەنشینانمان کرد و لە کەشێکی ئەرێنییدا بوو. هیوادارین سبەی تەواوبێت و رۆژی یەکشەممە پارە بنێردرێت."
دوانیوەڕۆی ئەمڕۆ، شاندی حکومەتی هەرێمی کوردستان و حکومەتی فیدراڵی لەسەر پرسی مووچە، بودجە و هەناردەکردنەوەی نەوت لە هۆتێل بەغدا کۆبوونەوە.
شاندی هەرێمی کوردستان پێکهاتووە لە ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی؛ ئومێد سەباح، سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران؛ ئامانج رەحیم، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران و بەرپرس و بەڕێوەبەرە گشتییەکانی پەیوەندیدار بە پرسی مووچە و بودجەی هەرێمی کوردستان کە ژمارەیان نزیکەی 20 کەسە
هەڵکەوت عەزیز، پەیامنێری رووداو لە بەغدا دەڵێت: ''سەردانەکەی شاندی هەرێمی کوردستان بۆ ئەوەیە هەرچی داواکاریی وەزارەتی دارایی عێراقە جێبەجێ بکرێت بۆ ئەوەی هیچ بیانوویەکیان بۆ ناردنی مووچە نەمێنێت.''
لە کۆبوونەوەکەدا پرسی خانەنشینبوونی ئەو فەرمانبەرانەی یاسای خانەنشینی یەکگرتوو دەیانگرێتەوە و بڕی ئەو پاداشتەی کە پێویستە پێیان بدرێت، دەخرێتە بەرباس.
پەرلەمانى عێراق دەنگدان بە هەموارى یاساى بودجەى گشتى خستووەتە خشتەى کۆبوونەوەى دووی شوبات کە تایبەتە بە شایستەى دارایی کۆمپانیاکانى نەوتى هەرێمى کوردستان. هەڵکەوت عەزیز گوتی، پرسی هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان و دەنگدان لەسەر هەمواری یاسای بودجەی گشتیش بەتایبەتی بۆ مادەی 12ـی یاساکە کە تایبەت بە هەناردەکردنەوەی نەوتی هەرێمی کوردستان، تەوەرێکی گفتوگۆی دوو شاندەکە دەبێت.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، "ئەمڕۆ جۆرێک لە رێککەوتن لەنێوانیان دەکرێت، بەڵام نووسینەوەی خاڵ و یاداشتی رێککەوتنەکە دەمێنێتەوە بۆ رۆژانی داهاتوو."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ