رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی دەستەی مامۆستایان و خوێندنی کوردیی کەرکووک دەڵێت، بۆ گواستنەوەی راژەکانیان بۆ سەر حکومەتی عێراق، سەردانی بەغدایان کردووە؛ گوتیشی، وەزیری پەروەردەی فیدراڵی ئامادەیی خۆی بۆ گواستنەوەی راژەکانیان دەربڕیوە.
مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردیی کەرکووک سەردانی بەغدایان کردووە، بۆ ئەوەی داوای گواستنەوەی راژەکانیان بۆ سەر بەغدا بکەن. ئەمڕۆ هەینی 31-01-2025، هیوا حەسەن، ئەندامی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە زانا کایانی پێشکێشیکرد، وردەکاریی سەردانەکەی خستەڕوو.
هیوا حەسەن گوتی، لە بەغدا لەگەڵ وەزیری پەروەردە و وەزیری دادی فیدراڵی کۆبوونەتەوە و داواکاریی خۆیان بۆ گواستنەوەی راژەکانیان پێشکێشکردوون، چونکە خەڵکی کەرکووکن، کە ئێستا لەڕووی ئیدارییەوە سەر بە ناوەندە.
لە کەرکووک چوار بەشی خوێندن هەیە، عەرەبی، سریانی، تورکمانی و کوردی، سێیان سەر بە ناوەندن و تەنیا بەشی کوردی سەر بە هەرێمی کوردستانە. هیوا حەسەن گوتی: "وەزیری پەروەردەی عێراق ئامادەیی دەربڕیوە راژەکانیان بگوێزرێتەوە سەر ناوەند."
زیاتر لە 7,500 مامۆستا و فەرمانبەرى بەشى خوێندنى کوردى لە کەرکووک هەن، کە مووچەیان لەلایەن وەزارەتى پەروەردەى حکومەتى هەرێمى کوردستانەوە دەدرێت. ئەو مامۆستایە ئەوەشی خستەڕوو، وەزیری پەروەردەی عێراق باسی لەوە کردووە ئالان حەمە سعید، وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستانیش رەزامەندیی خۆی دەربڕیوە راژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی کەرکووک بگوازرێتەوە سەر بەغدا.
بەگوتەی هیوا حەسەن، لە سەردانەکەیاندا لە بەغدا چوار کێشەی سەرەکیی بەردەم گواستنەوەی راژەکانیان دەستنیشانکران، کە دواتر بۆ چارەسەکردنیان گەیشتوونەتە رێککەوتنێک.
وەکو ئەو ئەندامەی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردیی کەرکووک دەڵێت، یەکێک لە چوار کێشەکان هاوتاکردنی مووچەی مامۆستایانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ بەغدا بوو؛ ''ئەوانەی لە هەرێمی کوردستان پلەی وەزیفییان بەرزە، مووچەی بنەڕەتییان زیاترە لە مووچەی بنەڕەتیی ناوەند.'' گوتیشی، ''هەندێکیان نزیکەی 50 هەزار دینار جیاوازیی مووچەی بنەڕەتییان هەیە، بەڵام رامانگەیاند رازین مووچەکانمان کەم بکرێتەوە، وەزیری پەروەردەش گوتی زۆرباشە، ئەوە یەکێک لە کێشەکان چارەسەر کرا.''
سەبارەت بە کێشەی دووەم هیوا حەسەن دەڵێت، وەزیری پەروەردەی فیدراڵی باسی لەوە کردووە لەدایکبووانی 1962-1963-1964 لە بەغدا خانەنشین بوون، بەڵام لە هەرێمی کوردستان دەوام دەکەن، ''ئێمەش گوتمان ئەوە لە هەرێمی کوردستانیش دەستیپێکردووە و لەدایکبووانی ئەو ساڵانە خانەنشینکراون، بۆیە ئەو کێشەیەش چارەسەر کرا.''
بەربەستێکی سەرەکیی دیکە بۆ گواستنەوەی راژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، نەبوونی سندووقی خانەنشینییە لە هەرێمی کوردستان. بەگوێرەی قسەکانی ئەو مامۆستایە، وەزیری پەروەردەی عێراق گوتوویەتی، ''ئەگەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی بخرێنە سەر وەزارەتی پەروەردەی فیدراڵی، لە کاتی خانەنشینبوونیان چۆن لەسەر سندووقی خانەنشینیی عێراق مووچە وەربگرن، لەکاتێکدا هیچ بڕە پارەیەکیان لە سندووقەکەدا نییە.''
وەک هیوا حەسەن دەڵێت، چارەسەرێکیشیان بۆ ئەم گرفتە پێشنیاز کردووە و قبووڵ کراوە، ''میکانیزمەکە ئەوەیە کە ئێمە رێککەوتین دوای ئەوەی دەخرێینە سەر ناوەند، هەرکات خانەنشین بووین، چەندە قەرزی خانەنشینیمان لایە، مانگانە سندووقی خانەنشینی بە رێژەیەکی کەم کە کاریگەری لەسەر مووچەکانمان (مووچەی خانەنشینی) نەبێت، لێمان ببڕێت، ئەوانیش رازی بوون و گوتیان ئەوە چارەسەرێکی باشە.''
هاوکات کێشەی چوارەمی بەردەم گواستنەوەی راژەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک تایبەت بووە بە کێشەی مامۆستایانی وانەبێژی سنوورەکە. بەگوتەی ئەو نوێنەرەی مامۆستایان، وەڵامی بەغدا ئەوە بووە کە مامۆستایانی وانەبێژ دانەمەزراون و هەرێمی کوردستان لە داهاتی نێوخۆ مووچەیان بۆ دابین دەکات، بۆیە ئەم کێشەیە ''هیچ'' پەیوەندی بە ئەوانەوە نییە و دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستان چارەسەری بکات.
هیوا حەسەن ئاماژەی بەوە کرد، ئەو گوژمەیەی بۆ مووچەی سەرجەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردیی کەرکووک لە کاتی گواستنەوەی راژەکانیان پێویستە، 7 بۆ 8 ملیار دینارە، کە دەبێت حکومەتی عێراقی بیدات.
ئەو نوێنەرەی مامۆستایان باسی لەوەش کرد، سەرجەم ئەو خاڵانەی لەگەڵ بەغدا لەسەری رێککەوتوون لە فۆرمێکدا دەخرێتە بەردەم مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی لە کەرکووک، بۆ ئەوەی خۆیان بڕیار لە بابەتەکە بدەن، ''واتا گواستنەوەی راژە بۆ سەر بەغدا، بۆ مامۆستایان و فەرمانبەران ئارەزوومەندانەیە.''
لەبارەی گۆڕانکاریی پڕۆگرامەکانی خوێندی کوردی لە کەرکووک لەدوای گواستنەوەی راژەی مامۆستایانی خوێندنی کوردی، هیوا حەسەن گوتی، وەزیری پەروەردەی عێراق پێی راگەیاندوون، لەگەڵ وەزیری پەروەردەی هەرێمی کوردستان لەسەر پرۆگرامەکانی خوێندن رێککەوتوون کە بابەتە زانستییەکان هەر وەکو خۆیان بمێننەوە، بەڵام لە بابەتە کۆمەڵایەتییەکان سەرەڕای خوێندنی مێژووی کورد و کوردستان، مێژووی عێراقیش زیاد بکرێت.
سەردانەکەی مامۆستایان بۆ بەغدا رۆژى شەممە 28ـی کانوونى یەکەمى 2024، بە بەشداریی دەستەی مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی کوردی و لقى کەرکووکى یەکێتیی مامۆستایان کرا.
لە مادەى21ـی کارنامەى حکومەتەکەى محەممەد شیاع سوودانى دا هاتووە: "سەرجەم قوتابخانەکانى خوێندنى کوردى لە دەرەوەى هەرێمى کوردستان ببەسترێنەوە بە بەڕێوەبەرایەتیى گشتیی خوێندنى کوردى لە وەزارەتى پەروەردەی فیدراڵ و سەرجەم کارمەند و مامۆستاکانیان بگوێزرێنەوە سەر ئەو بەڕێوەبەرایەتییە."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ