رووداو دیجیتاڵ
شەوی رابردوو نێچيرڤان بارزانى و ئيمانوێل ماكرۆن بە تەلەفۆن قسەیان کرد. بەگوێرەی کۆشکی ئیلیزێ، ماکرۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە کورد لە سووریا دەبێت بە تەواوی لە دیالۆگی نیشتمانیدا بەشداریی پێ بکرێت. هەردوو سەرۆک هاوڕابوون "کە پەیوەندییە تایبەتەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان دەبێت زیاتر بەهێز بکرێن."
پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە شەوی پێنجشەممە، 30-1-2025 بووە.
کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا-ئیلیزێ لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت، ماکرۆن جەختی لە پابەندبوونی فەرەنسا بە یەکێتی و ئاسایشی عێراق و هەرێمی کوردستان کردەوە؛ "لەم دۆخە ئەمنییەدا، سەرۆککۆمار پێشوازیی لە باشتربوونی دیالۆگ لە نێوان بەغدا و هەولێر کرد."
کۆشکی ئیلیزێ باس لەوەش دەکات، ئیمانوێل ماکرۆن و نێچیرڤان بارزانی "دۆخی ناوچەکەیان تاوتوێ کرد، بەتایبەتی سووریا."
لەو بارەیەوە، دەڵێت: "سەرۆککۆمار دووبارە داوای جێبەجێکردنی راگواستنێکی سیاسیی دادپەروەرانەی کرد کە رێز لە هەموو پێکهاتەکانی کۆمەڵگەی سووریا بگرێت. کوردەکانی سووریا دەبێت بە تەواوی لە دیالۆگی نیشتمانیدا بەشدارییان پێ بکرێت."
لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا، وەکو کۆشکی ئیلیزێ باسی دەکات، ماکرۆن جەختی لەوە کردووەتەوە کە "فەرەنسا بەردەوام دەبێت لە پشتگیریکردنی هێزەکانی سووریای دیموکرات کە سەرکردایەتیی ئەم شەڕە [شەڕی دژی داعش] دەکەن. بە رێزگرتنی تەواو لە سەروەری سووریا. ئەم پەیامانە لە لایەن فەرەنساوە دەگەیەنرێتە هاوبەشە هەرێمی و نێودەوڵەتییەکانی لە کۆنفرانسی سووریا کە لە 13ی شوبات لە پاریس لەلایەن وەزارەتی ئەورووپا و کاروباری دەرەوە رێکدەخرێت."
وەکو کۆشکی سەرۆکایەتیی فەرەنسا باسی دەکات، لە میانەی ئەم گفتوگۆیەدا، هەردوو سەرۆک لە هاوڕابوون "کە پەیوەندییە تایبەتەکانی نێوان فەرەنسا و هەرێمی کوردستان دەبێت زیاتر بەهێز بکرێن، بەتایبەتی لە بواری ئابووریدا. هەروەها جەختیان لە پابەندبوونیان بە شێوازی کۆنفرانسی بەغدا کردەوە. سەرۆککۆمار ئامادەیی خۆی بۆ بەشداریکردن لە سێیەم خولی ئەم کۆنفرانسە دەربڕی، کە دەکرێت لە ساڵی 2025 ببەسترێت."
پێشتر، سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان رایگەیاند: "هه‌ردوولا جه‌ختيان له گرنگيى چڕكردنه‌وه‌ى هه‌وڵه‌كان بۆ پاراستنى ئارامى و سه‌قامگيرى له ناوچه‌كه كرده‌وه، هه‌روه‌ها به‌رده‌واميى گفتوگۆى هه‌رێمى كوردستانيان له‌گه‌ڵ حكومه‌تى فيدراڵیی عێراق بۆ چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كانى هه‌ولێر ـ به‌غدا به گرنگ بۆ سه‌قامگيريى عێراق له قه‌ڵه‌م دا".
بەگوێرەی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "سه‌رۆک نێچيرڤان بارزانى سوپاس و پێزانينى هه‌رێمى كوردستانى بۆ پشتگيرى و رۆڵى دۆستانه‌ى فه‌ره‌نسا و سه‌رۆك ماكرۆن له يارمه‌تيدانى عێراق و هه‌رێمى كوردستان به‌تايبه‌تى له رۆژگاره سه‌خته‌كاندا دووپات كرده‌وه، هه‌روه‌ها ئاماژه‌ى به‌وه دا كه گه‌لى كوردستان هه‌رگيز هاوكارييه‌كانى فه‌ره‌نسا له‌بير ناكات".
سەرۆکی فەرەنسا جەختی لە بەردەوامیی پشتیوانی کردووەتەوە و بەپێی راگەیێندراوەکە، "لاى خۆيه‌وه سه‌رۆك ماكرۆن جه‌ختى له به‌رده‌واميى پشتگيريى فه‌ره‌نسا له عێراق و قه‌واره‌ى ده‌ستووريى هه‌رێمى كوردستان كرده‌وه و تيشكى خسته سه‌ر ئه‌وه‌ى كه فه‌ره‌نسا به بايه‌خێكى زۆره‌وه له په‌يوه‌ندييه‌كانى له‌گه‌ڵ عێراق و هه‌رێمى كوردستان ده‌ڕوانێت، هه‌روه‌ها ستايشى هه‌وڵه‌كانى سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانیی له‌پێناو سه‌قامگيرى و چاره‌سه‌ركردنى كێشه‌كاندا، كرد".
هه‌ر له په‌يوه‌ندييه ته‌له‌فۆنييه‌كه‌دا، بەپێی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان، "سه‌رۆك ماكرۆن پيرۆزبايى سه‌ركه‌وتنى هه‌ڵبژاردنى په‌رله‌مانى كوردستانى له سه‌رۆك نێچيرڤان بارزانى كرد و تيشكيان خسته سه‌ر هه‌وڵه‌كانى پێكهێنانى كابينه‌ى نوێى حكومه‌تى هه‌رێمى كوردستان، هه‌روه‌ها هه‌ردوولا هاوڕا بوون له‌سه‌ر گرنگيى پاراستنى مافه‌كانى پێكهاته‌كان له عێراق و سووريا و داكۆكييان له پاراستنى مافه‌كانى كورد له سووريا كرده‌وه و چه‌ندين بابه‌تى ديكه‌ى جێى بايه‌خى هاوبه‌شيان، تاوتوێ كرد".
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ