باشاک دەمیرتاش داواکاریی بەربژێربوونی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ پێشکێشکرد

رووداو دیجیتاڵ
 
باشاک دەمیرتاش، هاوژینی سەڵاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە داواکاریی بەربژێربوونی بۆ سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ پێشکێشی پارتی یەکسانی و دیموکراسیی گەلان - دەم پارتی کرد.
 
پرسی بەربژێربوونی باشاک دەمیرتاش لەگەڵ نزیکبوونەوەی هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی باکووری کوردستان و تورکیا بووە رۆژەڤی گەرمی نێو خەڵک و پارتە سیاسییەکان. باشاک دەمیرتاش پێشتر رایگەیاندبوو، ئەگەر دەم پارتی ئەرکێکی وەهای پێ بسپێرێت، بێ دوو دڵی لە ئەستۆی دەگرێت. باشاک رۆژی سێشەممە 30-1-2024 خۆی ئەو دەستپێشخەرییەی کرد و داواکاریی بەربژێربوونی بۆ پۆستی سەرۆکی گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵی پێشکێش بە دەم پارتی کرد.
 
ئەگەر بەربژێربوونی باشاک دەمیرتاشی تەمەن 47 ساڵ پەسند بکرێت، ئەو کات لەگەڵ موراد کوڕوم، بەربژێری ئاکپارتی و ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری جەهەپە و بوغرا کاڤونجو، بەربژێری ئیی پارتی دەچێتە رکابەری.
 
دەم پارتی تاوەکو ئێستا بەشێکی زۆر لە بەربژێرانی لە باکووری کوردستان راگەیاندووە، بەڵام بەربژێری بۆ گەورە شارەوانییەکانی وەکو ئیستەنبووڵ، ئەنقەرە و ئیزمیر رانەگەیاندووە؛ هاوکات دیدار و گفتوگۆی لەگەڵ پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە بەردەوامن و لە ئەگەری رێککەوتنیان، دەم پارتی لە مێترۆپۆڵەکانی تورکیادا بەربژێری نابێت. 
 
بەربژێربوونی باشاک دەمیرتاش
 
دوای سەردانیکردنی سەلاحەدین دەمیرتاش، هاوسەرۆکی پێشووتری هەدەپە لە گرتووخانەی سزا قورسەکانی پارێزگای ئەدیرنە، رۆژی 21-1-2024 باشاک دەمیرتاشی هاوژینی لە وەڵامی پرسیاری رۆژنامەڤانێکدا کە گوتی، "ئەگەر دەم پارتی داوات لێ بکات، خۆت بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ بەربژێر بکەیت، چۆن وەڵامیان دەدەیتەوە و هەڵوێستت چی دەبێت؟" رایگەیاند، "ئەگەر دەم پارتی بە گونجاوی بزانێت و داوام لێبکەن بۆ سەرۆکایەتیی گەورەشارەوانی خۆم بەربژێر بکەم، وەڵامێکی یەکسەرم نابێت و بیری لێدەکەمەوە".
 
باشاک دەمیرتاش ئەوەشی خستەڕوو کە ئەگەر بەربژێربوون پەسند بکات، بۆ ئەوە نییە دژی کەسێک یان بۆ دۆڕاندن و سەرخستنی بەربژێرێکی دیاریکراو بێت، بەڵکو بۆ ئەوە دەبێت سەرکەوتن بەدەستبهێنن. 
 
راپرسیی HBS: ئەگەر باشاک دەمیرتاش بەربژێر بکرێت یەکلاییکەرەوە دەبێت
 
بەگوێرەی راپرسییەکی ناوەندی لێکۆڵینەوەی HBS، لە ئەگەری بەربژێرکردنی باشاک دەمیرتاش، موراد کوڕوم، بەربژێری هاوپەیمانیی جمهوور (ئاکپارتی و مەهەپە) 43.2٪ی دەنگەکان دەباتەوە؛ هەروەها ئەکرەم ئیمامئۆغڵو، بەربژێری پارتی گەلی کۆماری - جەهەپە 42.1٪ی دەنگەکانی ئیستەنبووڵ دەباتەوە. ئەمە لەکاتێکدایە لە هەڵبژاردنی پێشووی شارەوانییەکان کە ساڵی 2019 بەڕێوەچوو، بینالی یڵدرمی بەربژێری ئاکپارتی و مەهەپە 48.55٪ی دەنگەکانی بردەوە و ئەکرەم ئیمامئۆغڵوی بەربژێری هاوپەیمانیی میللەت - جەهەپە و ئیی پارتی بە پاڵپشتی دەنگدەری هەدەپە 48.8٪ی دەنگەکانی بردەوە.
 
لەو راپرسییەدا باشاک دەمیرتاشیش وەکو بەربژێری دەم پارتی کراوەتە بژاردە. بەگوێرەی راپرسییەکە باشاک دەمیرتاش 5.6٪ی دەنگەکان دەباتەوە و دەبێتە لایەنی یەکلاییکەرەوە. ئەمە لەکاتێکدایە ساڵی 2019 هەدەپە (دەم پارتی ئێستا) لە ئیستەنبووڵ بەربژێری نەبوو و بە ناڕاستەوخۆ پشتگیری لە ئەکرەم ئیمامئۆغڵو کرد. 
 
ئیی پارتی کە لە هەڵبژاردنەکەی 2019 لەگەڵ جەهەپە هاوپەیمان بوو و ئەمجارە بەربژێری خۆی راگەیاندووە. لەو راپرسییەی ناوەندی لێکۆڵینەوەی HBSدا ناوی بوغرا کاڤونجو، بەربژێری ئیی پارتی بۆ گەورەشارەوانیی ئیستەنبووڵ نەهاتووە، بەڵام ئاماژە بەوە کراوە کە ئیی پارتی 3.6٪ی دەنگەکانی ئیستەنبووڵ دەباتەوە. 
 
رۆژی 31-3-2024 لە تورکیا و باکووری کوردستان هەڵبژاردنی شارەوانییەکان بەڕێوەدەجێت.
 
30 گەورە شارەوانی، 51 شارەوانیی شارەکان و زیاتر لە 1000 شارەوانی شارۆچکەکان لە باکووری کوردستان و تورکیا هەن.
 
لە هەڵبژاردنی شارەوانییەکانی ساڵی 2019دا ئاکپارتی 15 گەورەشارەوانی، جەهەپە 11 گەورەشارەوانی، هەدەپە 3 گەورەشارەوانی و مەهەپە 1 گەورەشارەوانییان بەدەستهێنا.