سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی بۆ رووداو: ئەمڕۆ یان سبەی 618 ملیار دینارەکەی بەغدا دەگات
رووداو دیجیتاڵ
سەرچاوەیەک لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان رایدەگەیێنێت، "بە دڵنیاییەوە، ئەمڕۆ یاخود سبەی 618 ملیار دینارەکە بۆ دابەشکردنی مووچە دەگات."
ئەو سەرچاوەیە لە وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، بە رووداوی گوت، "هیچ لەسەر ئێمە وەکو وەزارەتی دارایی هەرێمی کوردستان نەماوە بۆ ناردنی 618 ملیار دینارەکە بیکەین، ئیدی ئەرکەکە لەسەر وەزارەتی دارایی عێراقە پارەکە بنێرێت."
لەبارەی کاتی دابەشکردنی مووچەش ئەوەی خستەڕوو، لەگەڵ گەیشتنی پارەکەی بەغدا و بە بەکارهێنانی داهاتی نێوخۆ، دەست بە دابەشکردنی مووچە دەکەن.
ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی هەرێمی کوردستان دەڵێت، لەسەر نێوەڕۆکی هەمواری یاسای بودجە لەگەڵ حکومەتی عێراق "رێککەوتووین بە جۆرێک پرسی مووچەی فەرمانبەران چارەسەر بکرێت."
لەبارەی دۆسیەی نەوتیشەوە، ئاوات شێخ جەناب دەڵێت، "لێکتێگەیشتنی باش بۆ چارەسەری پرسەکە هەیە و هیوادارین بە زووترین کات لە پەرلەمانی عێراق چارەسەر بکرێت."