دژەتیرۆری سلێمانی: لەگەڵ هاوپەیمانان دوو تیرۆریستمان دەستگیرکرد

رووداو دیجیتاڵ 

دژەتیرۆری سلێمانی رایگەیاند، پاڵپشت بە زانیاریی هەواڵگری و لە ئۆپەراسیۆنێکی هاوبەشی هێزەکانی بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر و هێزەکانی هاوپەیمانیی شەڕی دژ بە داعش لە سنووری قەزای چەمچەماڵ، دوو داواکراویان دەستگیرکرد.
 
هێزەکە لە راگەیێندراوێکدا زانیاریی زیاتری لەسەر ئۆپەڕاسیۆنەکە بڵاوکردووەتەوە و تێیدا هاتووە، "تیرۆریستانی دەستگیرکراو بەناوەکانی (م.ف.خ) لەدایکبووی ساڵی 1992ـی موسڵە و بەپلەی ئەمیری شەرعی رێکخراوی تیرۆرستی دەوڵەتی ئیسلامی 'داعش' لە ویلایەتی موسڵ کاریکردووە و لەگەڵ دەستپێکی هەڵمەتی ئازادکردنی موسڵ لە شارەکە هەڵهاتووە."
 
هەروەها زانیارییان لەسەر دەستگیرکراوەکەی دیکەش بڵاوکردووەتەوە و دەڵێت، "(م.ع.ع) لەدایکبووی ئەسکەندەرییەی بابل، پێشینەی کاری تیرۆری لەناو رێکخراوی تیرۆریستیی دەوڵەتی ئیسلامی 'داعش' هەبووە."
 
ئەو دوو دەستگیراوە بەپێی هێزەکانی دژە تیرۆری سلێمانی پاش دەستگیرکردنیان، رادەستی لایەنە تایبەتمەندی یاسایی بە مەبەستی سزادانیان کراون.
 
لە کۆتایی راگەیێندراوەکەدا هاتووە، "بەڕێوبەرایەتیی گشتیی دژەتیرۆر و هێزەکانی هاوپەیمانان بە درێژایی جەنگی داعش لە رووبەڕووبونەوەی مەترسییەکانی تیرۆر هەماهەنگ بوون، لە پاش جەنگیش لە ئۆپەراسیۆن و کارە هاوبەشەکانیان بەردەوامبوون لەپێناو دەستگیرکردن و راوەدوونانی پاشماوەکانی گرووپە تیرۆرستییەکان."
 
ئامانج لەو جۆرە ئۆپەراسیۆنانەش وەکو ئاسایش دەڵێت، "بریتییە لە لەناوبردنی مەترسییەکانی شانە نووستووەکانی تیرۆرستان و رووبەڕووبونەوەی هەر مەترسییەکی تیرۆر لەسەر سەلامەتی و گیان و ماڵی هاووڵاتییان."