بەشی کوردیی رادیۆی سوێد دادەخرێت

رووداو دیجیتاڵ 

بەشی کوردیی رادیۆی سوێد رایگەیاند، بەهۆی کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کورتهێنانی بودجە، بەرپرسانی رادیۆکە بڕیاری داخستنی بەشەکەیان داوە، دەرهێنەرێکی کوردی رادیۆکەش دەڵێت، "قسە هەیە گوایە بەهۆی گوشارەکانی تورکیاوە بۆ سەر سوێد، ئەو بڕیارە دراوە."
 
بەرپرسانی رادیۆی سوێد لە چوارچێوەی "کەمکردنەوەی خەرجییەکان و کورتهێنانی بودجە"، ژمارەیەک بڕیاریان دەرکردووە لەنێویاندا داخستنی بەشی کوردیی رادیۆکە، کە لەساڵی 2001ـەوە دامەزراوە.
 
رادیۆکە بە شێوەزارەکانی "سۆرانی، کرمانجی" هەواڵ و بەرنامەکانی پەخش و بڵاودەکاتەوە، چوار کارمەندی هەمیشەیی و ژمارەیەک هاوکاری هەیە، کە کۆی گشتی کارمەندانی دەگاتە 8 کەس.
 
نیشتمان ئێراندۆست، دەرهێنەرێکی کوردی رادیۆکەیە، رۆژی چوارشەممە بە (تۆڕی میدیایی رووداو)ـی گوت، "بڕیارێکی ناخۆشە، بەرپرسانی رادیۆکە ئەوەیان پێگوتین کە بەهۆی کورتهێنانی بودجە ژمارەیەک لە زمانە بیانییەکانی رادیۆکە و چەندین بەرنامە دادەخرێن، لەنێویاندا زمانەکانی کوردی، تیگری، رووسی هەن."
 
نیشتمان ئێراندۆست گوتیشی، "هەرچەندە پاساوی داخستنەکە ئەوەیە، بەڵام قسەوباس لە سوێد لەبارەی ئەوەوە هەیە کە گوایە رەنگە بڕیارەکە رەهەندی سیاسیی هەبێت و دوور نەبێت لە گوشارەکانی تورکیا بۆ سەر سوێد لە چوارچێوەی مەرجەکانی تورکیا بۆ ئەندامبوونی سوێد لە ناتۆ. پێشتریش بەرپرسانی تورکیا گوتوویانە گوایە ژمارەیەک لە لایەنگرانی پەکەکە لەو رادیۆیە کاردەکەن."
 
رۆژی 23-12-2023، لە دووەمین کۆبوونەوەی تایبەت بە ئەندامێتیی سوێد لە هاوپەیمانیی ناتۆ، فوئاد ئۆکتای، سەرۆکی لیژنەی کاروباری دەرەوەی پەرلەمانی تورکیا رایگەیاندبوو، "دروستکردنی ئاستەنگ لەبەردەم پێکهاتەی مانگی سووری کوردی لە سوێد، کە سەرمایە بۆ رێکخراوی تیرۆریستی کۆدەکاتەوە، پێشهاتێکی ئەرێنییە و چالاکییەکانیان لە سوێد وەستێندراوە."
 
رادیۆی سوێد بە 14 زمان هەواڵ و بەرنامەکانی پەخش دەکات، لەوانە ئینگلیزی، عەرەبی، فارسی، رووسی، سۆماڵی، رۆمانی، کوردی (سۆرانی و کرمانجی).
 
زمانی کوردی لە رادیۆکە لەساڵی 2016ـەوە بووەتە رادیۆیەکی دیجیتاڵی و لەسەر تۆڕەکانی سۆشیاڵ میدیا چالاک بووە و رۆژانە راپۆرت و هەواڵی هەیە. پەخشی رادیۆکە بە زمانی کوردی لە 31-3-2024 رادەگیرێت.
 
دەرهێنەرە کوردەکەی رادیۆی سوێد دەڵێت، "لەپای بڕیارەکەی رادیۆکە ئێستا بانگەواز لەنێو کوردانی سوێد هەیە بۆ ئەوەی داواکاری پێشکێش بە بەرپرسانی رادیۆکە بکەن بۆ ئەوەی لە بڕیارەکەیان پاشگەز ببێتەوە."
 
ئاماژەی بۆ ئەوەشکرد بەشێک لە پاساوەکانی دیکەی داخستنەکە رەنگە بگەڕێتەوە بۆ ئەوەی ئیدی ئەو کوردانەی چەند ساڵێکە لە سوێدن فێری زمانی سوێدی بوون و بوونی رادیۆیەکە بە زمانی کوردی بۆ کوردی سوێد رەنگە پێویست نەبێت.