رووداو دیجیتاڵ
راکان جبووری یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووکی بە نووسراوێک دواخست، لە نووسراوەکەدا هاتووە کە دواخستنەکە لەسەر داوای ئەندامانی ئەنجوومەن بووە. بەپێی زانیارییەکانی رووداو پەیوەستە بە رێککەوتنی لایەنەکانی عەرەب و تورکمان لەگەڵ پارتی.
رێککەوتنی ئەو سێ لایەنە بۆ دواخستنی یەکەم کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگاکە بۆ رێککەوتنە لەسەر هەیکەلی کارگێڕی پارێزگاکە، سەرکردەیەکی هاوپەیمانیی عەرەبی دەڵێت، پێشنیاز کراوە پۆستی پارێزگار بۆ عەرەب و سەرۆکی ئەنجوومەن بۆ پارتی و جێگری پارێزگار و ئەنجوومەن بۆ تورکمان بێت، بەڵام تاوەکو ئێستا رێککەوتنی کۆتایی نەکراوە.
هەرچەندە لایەنە عەرەبییەکان سەرەتا دوو ناویان پێشنیاز کردبوو بۆ پۆستی پارێزگار، یەکەمیان راکان جبوری، دووەم، خالید موفرەجی، بەڵام هەردوو ناوەکە رەتکراونەتەوە
ئیسماعیل حەدیدی، ئەندامی هاوپەیمانیی عەرەبی بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت، "پێشنیازێک لای لایەنی عەرەبی هەیە بۆ تورکمان و پارتی دیموکراتی، پێشنیاز هەیە بۆ پۆستەکان، ئەگەر قبووڵ بکرێت دەگەنە رێککەوتن، بەو پێیەی عەرەب پێداگرن ئەو پۆستە بۆ عەرەب بێت، تاوەکو ئێستا بەڕێز راکان [جبووری] بەردەوام بێت لە پۆستی پارێزگار، رێککەوتن نییە بەڵام لێک نزیکبوونەوە و لێکتێگەیشتن هەیە، بەڵام نەگەیشتوونەتە قۆناغی رێککەوتن لەنێوان ئەو لایەنانەدا."
دوای دواخستنی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی پارێزگا شاندێک لە ئەندامانی فراکسیۆنی یەکێتی سەردانی بینای ئەنجوومەنیان کرد و هۆڵ و بینای ئەنجوومەنەکەیان بەسەرکردەوە. ئەندامانی فراکسیۆنەکە لەگەڵ راکان جبووری کۆبوونەوە و پێیان راگەیاند، ئەوان لەگەڵ دواخستنی کۆبوونەوەکەدا نین.
یەکێتی دووجار داوای کۆبوونەوەی لە پارتی کردووە سەبارەت بەو پرسە، ئێستا بەگومانەوە دەڕوانێتە ئەو هەنگاوانەی بەبێ ئەوان نراوە بۆ پێکهێنانی ئیدارەی پارێزگای کەرکووک.
رێبوار تەها، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "دواخستن و پەکخستنی لە بەرژەوەندی خەڵک نییە، بۆیە ئێمە ئامادەین و هەموومان لێرەین، لە لایەنە عەرەبی و تورکمانییەکان بیستوومانە کە ئەوان گوت و وێژ و دانیشتنیان هەیە لەگەڵ برادەرانی پارتی، بەڵام لە پارتی خۆیان نەمان بیستووە، ئێمە یەکەم هەنگاومان لەگەڵ پارتی بووە، دووجار بە فەرمی، مەکتەبی سیاسیمان داوای ئەو دانیشتنەی کردووە، ئێستاشی پێوەبێ، ئێمە پێمان باشە نێو ماڵی کورد رێکبخەینەوە دواتر لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە گفتوگۆ بکەین."
گەرچی کورد بە کورسییەکانی یەکێتی و پارتی کە خاوەنی حەوت کورسین، زۆرینەی ئەو ئەنجوومەنە پێکدەهێنن، بەڵام تائێستا بەهۆی ناکۆکییەکانی نێوانیان هەر لایەکیان بەجیا لەگەڵ پێکهاتەکانی دیکە گفتوگۆ دەکەن.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ