پێنجشەممە تۆمارکردنی بایۆمەتریی دەنگدەران بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەستپێدەکات

31-01-2024
هێمن بابان رەحیم
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند، لە سبەینێوە دەست بە تۆمارکردنی بایۆمەتریی دەنگدەران وەکو ئامادەکاری بۆ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان دەکرێت و ماوەی 20 رۆژ دەخایێنێت.    
 
حەیدەر محەممەد، بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "بەپێی نووسراوێک کە لە نووسینگەی نیشتمانیی کۆمیسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکانەوە پێمانگەیشتووە سبەی پێنجشەممە، 1ـی شوبات دەست بە تۆمارکردنی لەدایکبووانی ساڵی 2006 و ئەو کەسانەش دەکرێت کە تۆماری بایۆمەترییان نەکردووە و پڕۆسەکە تاوەکو رۆژی 20ـی شوبات بەردەوام دەبێت."     
 
بەڕێوەبەری ئۆفیسی هەولێری کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکانی عێراق ئاماژەی بەوەدا، ئەو تۆمارکردنە ئامادەکارییەکە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان. بۆ ئەم مەبەستە لە سبەینێوە 53 بنکە بۆ تۆمارکردنی بایۆمەتریی ئەو دەنگدەرانە دەکرێنەوە. 
 
رۆژی 3ـی کانوونى دووەمى 2024، کۆمیسیۆن نووسراوى فەرمى بۆ هەرێمى کوردستان کرد و ئاماژەى بەوەداوە، ناتوانێت لە 25ـی شوباتی 2024 کە بۆ هەڵبژاردنى پەرلەمانى کوردستان دیاری کراوە، هەڵبژاردن بەڕێوەببات.
 
ئەوەش دوای ئەوە دێت کە دوو جار وادە بۆ هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان دیاریکراوە، بەڵام بە هۆکاری جیا نەتوانراوە هەڵبژاردن لەوادەی خۆیدا بکرێت.
 
رۆژی سێشەممە، 16-01-2024، شاندێکی سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان و حکومەتی هەرێمی کوردستان لەگەڵ شاندێکی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەکانی عێراق بە سەرۆکایەتیی دادوەر عومەر ئەحمەد محەممەد، سەرۆکی کۆمیسیۆن کۆبووەوە بۆ گفتوگۆکردن لەبارەی دیاریکردنی وادەیەکی گونجاو بۆ بەڕێوەچوونی هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی کوردستان، هەرچەندە بڕیار بوو وادەیەک بۆ هەڵبژاردن دیاریبکرێت، بەڵام نەکرا. 
 
پەرلەمانی کوردستان لە دانیشتنی رۆژی 09-10-2022 تەمەنی خۆی بۆ 31-12-2023 درێژکردەوە، لەکاتێکدا 6-11-2022 خولەکە کۆتایی دەهات. 
 
رۆژی سێشەممە، 30-5-2023، دادگەی فیدراڵیی عێراق رایگەیاند، درێژکردنەوەی تەمەنی پەرلەمانی کوردستان "نادەستووری و نایاسایی"ـە، هەرشتێک لە پەرلەمانی هەرێمی کوردستانی عێراق دەرچووە دوای ئەو ماوە یاساییە لە رووی دەستوورییەوە "پووچەڵە." 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

ئاوات شێخ جەناب، وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان

وەزیری دارایی بۆ نوێنەرانی فەرمانبەرانی گرێبەست: بۆ بەهەمیشەییکردنتان چاوەڕوانی بەغداین

وەزیری دارایی و ئابووریی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، دۆسیەی بە هەمیشەییکردنی فەرمانبەرانی گرێبەست رەوانەی ئەنجوومەنی راژە کراوە بۆ ئەوەی رێکارەکانی تەواو بکرێت. نوێنەرێکی ئەو فەرمانبەرانەش دەڵێت: "بۆ دامەزراندنمان حکومەتی هەرێمی کوردستان چاوەڕوانی بەغدایە."