ئەمینداری یەکگرتوو لەبارەی کوژرانی هاونیشتمانییەکانی دهۆک سەردانی وەزیری ناوخۆی تورکیا دەکات
رووداو دیجیتاڵ
ئەمینداری گشتیی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان بۆ بەدواداچوون بۆ دۆسیەی کوژرانی پێنج هاونیشتمانیی دهۆک لە مێردین، لە ئەنقەرە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە کۆبووەوە.
کۆبوونەوەکە رۆژی دووشەممە، 30-1-2023 بووە. نووسینگەی راگەیاندنی، سەلاحەدین بەهائەدین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لە راگەیێندراوێکدا دەڵێت: "کۆبوونەوەکە زیاتر لە کاژێرێکی خایاندووە، ئەمینداری گشتی سوپاسی وەزیری ناوخۆی کرد لەپای بەدواداچوون و خەمخۆری لە دۆزینەوە و دەستگیرکردنی تاوانباران."
سولەیمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی تورکیا بەپێی راگەیێندراوی نووسینگەی ئەمینداری یەکگرتوو، "دووبارە پرسە و سەرەخۆشی خۆیان دووپاتکردەوە و جەختیانکردەوە لە بەردەوامیی بەدواداچوون و بە ئەنجام گەیاندنی لێکۆڵینەوەکان."
بەرەبەیانیی 19-1-2023، پێنج هاونیشتمانی دانیشتووی دهۆک لە ئۆتۆمبیلێکدا لە شارۆچکەی نسیبینی سەر بە مێردین، لەلایەن چەند کەسێکەوە بە گولـلە لە سەریان درا و گیانیان لەدەستدا.
کەسەکان، حاجی عەبدوڵڵا ساڵح مستەفا (69 ساڵ)، چیمەن شاهین خالید (75 ساڵ) کە هاوژینی حاجی عەبدوڵڵایە، هەندرێن عەبدوڵڵا ساڵح (39 ساڵ) کە کچی حاجی عەبدوڵڵایە، واحیدە حەیدەر جاسم (63 ساڵ) و مەلا ئەحمەد جەلالەدین ئیبراهیم (45 ساڵ) بوون.
دوای رووداوەکە پێنج کەس دەستگیرکران کە چواریان لەلایەن دادگەوە بە زیندانیکردن سزادران.
بەگوێرەی لێدوانی پۆلیسی مێردین، تۆمەتباری سەرەکی تاوانەکە دوو کەسن کە یەکیان ناوی "ف. ئـ"ـە و ئەویتریان بەناوی "ئـ. ک"ـە و هەردووکیان خەڵکی نسێبینن.
بەگوێرەی زانیارییەکانی پەیامنێری رووداو، تاوانبارە سەرەکییەکان لەکاتی دانپێدانانەکانیان گوتوویانە کە قەرزداربوون و زانیویانە خێزانێکی دهۆکی لە مێردینن و پارەیان پێیە، بۆیە هێرشیانکردووەتە سەریان و کوشتوویانن، بەڵام خەڵکی ناوچەکە بڕوا بەو چیرۆکە ناکەن، لەبەرئەوەی راستەوخۆ فیشەکیان بە سەری هەر پێنج ئەندامی خێزانەکەوە ناوە و دەڵێن، ئەگەر مەبەستیان پارە بووبا دەیانتوانی بەبێ کوشتن و بە زەبری چەک پارەکەیان لێ بستێنن.