لە گوندێکی بەردەڕەش، سێ مانگە برنجی کەڕووگرتوو دابەش دەکرێت

01-02-2023
نایف رەمەزان
نایف رەمەزان
برنجی کەڕوگرتوو وەک بەشە خۆراکی مانگانە لە گوندی گرێگا دابەشدەکرێت
برنجی کەڕوگرتوو وەک بەشە خۆراکی مانگانە لە گوندی گرێگا دابەشدەکرێت
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ  


بەشە برنجی مانگانە کە بەسەر هاووڵاتییاندا دابەشدەکرێت کەڕووی گرتووە و بووەتە تۆپەڵ، ئەمە سێیەم جارە برنجی هاوشێوە بۆ گوندی گرێگا لە بەردەڕەش دەنێردرێت، خەڵکی گوندەکەش لەترسی نەخۆشی، ناوێرن بیخۆن.
  
بارزان عەباس، پێشمەرگەیە و دانیشتووی گوندی گرێگایە، لەبارەی ئەو جۆرە برنجەوە قسە بۆ پەیامنێری رووداو دەکات و، دەڵێ "بەڵێ، ئەم حاڵەتە زۆر بووە، بەڵام برنجەکەی ئەمجارە وەک هی هیچ جارێکی دیکە نییە؛ رەق بووە، (کەڕووی گرتووە) و چەند رەنگێکی لێ دروست بووە، پێدەچێت بەهۆی شێ-وە وای لێهاتبێت".
 
ئێستا لە دهۆک، دەستکراوە بە دابەشکردنی بەشە برنجی سێ مانگی کۆتایی ساڵی رابردوو. برنجەکە تایلەندییە و مانگەکانی پێشووش هەمان جۆرە برنج دابەشکراوە. بەشێکی هاووڵاتییان لەو بەشە برنجە رازین و بەشێکی دیکەش گازەندەیان لەبارەیەوە هەیە.
 
 محەممەد سەعید عومەر، بریکاری دابەشکردنی خۆراکە و باس لەوە دەکات "(برنجەکە) هیچ کەموکوڕییەکی نییە و تایلەندییە. برنجەکە باشە و سەدا 80 بۆ 85ـی خەڵک دەیبەنەوە ماڵ و دەیخۆن، تائێستاش کەس گازەندەی لەبارەیەوە نەکردووە".
 
بەهەمان شێوە  فەرمان مەهدیی دووکاندار دەڵێ "من خۆم ئەو جۆرە برنجە ناخۆم، بەڵام هیچ گرفتێکی نییە".
 
ئەو برنجەی دەگاتە کۆگاکان لە دهۆک پشکنینی بۆ دەکرێت و  لەماوەی هەفتەیەک بۆ دوو هەفتە دابەش دەکرێت.
 
بەشار ئیبراهیم، بەڕێوەبەری دابەشکردنی بەشەخۆراک لە ئاکرێ دەڵێ برنجەکە لە پارێزگایەکەوە بۆ پارێزگایەکی دیکە هیچ جیاوازییەکی نییە و هەمووی یەک جۆرە. "ئێمە بە بریکارەکانی خۆمان گوتووە کە دەتوانین قەرەبوویان بکەینەوە".
 
 بەپێی ژمارەی دانیشتووانی دهۆک، وەزارەتی بازرگانیی عێراق نزیکەی پێنج هەزار تۆن برنج وەک بەشە خۆراکی مانگانە بۆ پارێزگاکە بەڕێدەکات.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

لۆگۆی کۆمەڵی دادگەری

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە

کۆمەڵی دادگەریی کوردستان 59 بەربژێری لە هەر 4 بازنەکەی هەرێمی کوردستان بۆ پەرلەمانی کوردستان هەیە. سەرۆکی لیستی ئەو حیزبە لە بازنەی هەولێر دەڵێت، خەڵک لە دەرەوەی کۆمەڵیش ویستبێتی لەسەر لیستی ئەوان خۆی بەربژێر بکات، پەسندیان کردووە.