بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک: بۆ گەڕانەوە لەگەڵ بەغدا رێککەوتووین

31-01-2023
شەنگە ئەحمەد
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ 

بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک رایگەیاند: "لەگەڵ بەغدا رێکەوتووین بگەڕێینەوە بۆ کەرکوک، مەرجی گەڕانەوەمان نەمانی سوپا و حەشدە لەناو شاردا."
 
ئەمڕۆ سێشەممە 31-1-2023، محەممەد کەمال، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: دەبێت سوپا و حەشدی تورکمانی بارەگاکانمان لە کەرکووک چۆڵبکەن، مەرجی گەڕانەوەمان بۆ کەرکووک نەمانی سوپا و حەشدە لەناو شاردا و بچنە ناوچەی (کەی-وەن).
 
محەممەد کەمال گوتی: بەغدا کۆکە لەسەر گەڕانەوەمان بۆ کەرکووک، بەڵام بەهۆی بوونی فرە جەمسەری لە بەغدا، کارەکانمان هەندێک قورس بووە، بەڵام گەڕانەوەمان نزیکە.
 
پێشتریش محەممەد کەمال بە رووداوی گوتبوو: "بێگومان پارتی دەگەڕێتەوە بۆ کەرکووک، بەڵام دەبێت بەشێوەیەک بگەڕێتەوە لە ئاستی داواکاریی خەڵکی کەرکووکدا بێت، نەک بەبێ دەسەڵاتی بگەڕێتەوە. لەسەر گەڕانەوەی پارتی و کردنەوەی بارەگای فەرمی لە کەرکووک و موسڵ لەگەڵ سەرۆکوەزیرانی عێراق قسە کراوە."
 
لە رۆژی 16ی ئۆکتۆبەری 2017ەوە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و هێزە عێراقییەکان کەرکووک و دەوروبەریان کۆنترۆڵکرد، پارتی لە کەرکووک کشایەوە و بارەگاکانی چۆڵکرد.
 
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە