لە پارێزگای سلێمانی هەموو چالاکییەکی تایبەت بە جێندەر قەدەخەکرا
رووداو دیجیتاڵ
جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە نووسراوێکی فەرمی هەموو چالاکییەکی جێندەری قەدەخەکرد.
بەرزان محەمەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە نووسراوێکی فەرمی کە لە 29-1-2023 واژۆی کردووە، هەموو چالاکییەکی جێندەری لە پارێزگای سلێمانی قەدەخەکرد و لە نووسراوەکەدا کە ئاراستەی پارێزگای سلێمانی و ئیدارەکانی گەرمیان و راپەڕین کراوە هاتووە "بفەرموون بە ئاگادارکردنەوەی سەرجەم فەرمانگە حکومییەکان لە ئەنجامنەدان و رێگەنەدان بە هیچ جۆرە چالاکییەکی لەم جۆرە لەناو بینای فەرمانگەکان کە دەبێتە هۆی تێکدانی شیرازەی کۆمەڵگە و مەترسیی بۆ سەر گەنجان و نەوەکانمان."
رۆژی سێشەممە 31-01-2023، رەمەزان نامیق، ئەندامی ئەنجوومەنی پارێزگای سلێمانی بە رووداوی راگەیاند: لە سەرەتای ئەم مانگە، من لەناو ئەنجوومەنی پارێزگا ژمارەیەک واژۆم کۆکردەوە بۆ قەدەخەکردنی چالاکی جێندەری و هاوڕەگەزخوازی، دواتر لەلایەن جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنەوە کرایە بڕیار.
رەمەزان نامیق گوتی: "ئێستا سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگا، چووەتە دەرەوەی وڵات و دەسەڵاتەکانی دراوە بە جێگرەکەی، ئەو بڕیارەش لەلایەن بەرزان محەممەد، جێگری سەرۆکی ئەنجوومەنی پارێزگاوە واژۆکراوە."