شاندێکی پارتی سەردانی کۆمەڵ و یەکگرتوو دەکات

31-01-2023
نازەنین گۆران
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
لۆگۆی پارتی دیموکراتی کوردستان
A+ A-
 
رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی رایگەیاند، ئەمڕۆ شاندێکی پارتی لە هەولێر سەردانی کۆمەڵی دادگەری و یەکگرتووی ئیسلامی دەکەن و بڕیارە هەر لەم هەفتەیەدا لەگەڵ چەند لایەنێکی دیکەش کۆببنەوە. 
 
رۆژی سێشەممە، 31-1-2023، عومەر بەکر، بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی دیموکراتی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "کاژێر 11:00ـی پێشنیوەڕۆ شاندێکی پارتی سەردانی یەکگرتووی ئیسلامی کوردستان دەکەن و هەر ئەمڕۆ کاژێر 1:30ـی دوانیوەڕۆ سەردانی کۆمەڵی دادگەریش دەکەن."
 
لەبارەی ئەندامانی شاندەکە، عومەر بەکر گوتی:" تائێستا هیچ گۆڕانکارییەک لە ئەندامانی شاندەکە نەکراوە و هەمان ئەو شاندەن کە پێشتر سەردانی یەکێتییان کردبوو."
 
ئەو بەرپرسەی پارتی دەشڵێت، "سەردانەکە لە چوارچێوەی پتەوکردن و بەهێزکردنی پەیوەندییەکانە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکان لەسەر راسپاردەی کۆنگرەی 14ـی پارتی، ژمارەیەک پرسی تایبەت بە هەرێمی کوردستان و عێراق و ناوچەکەشی تێدا باسدەکرێت، پرسی هەڵبژاردن و چەندین بابەتێکی دیکە لەخۆدەگرێت."
 
لەبارەی کۆبوونەوەی شاندەکە لەگەڵ یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بەرپرسی پەیوەندییەکانی بەشی رۆشنبیری و راگەیاندنی پارتی گوتی: "نەک تەنیا یەکێتی؛ ئەم هەفتەیە ئەو شاندەی پارتی سەردانی چەند لایەنێکی دیکەی سیاسی دەکەن و رەنگە سبەینێش دووبارە کۆبوونەوەیان هەبێت."
 
رۆژی، 28-1-2023، شاندێکی باڵای مەکتەبی سیاسی یەکێتی و پارتی لە سلێمانی کۆبوونەوە. شاندی پارتی پێکهاتوون لە؛ مەحموود محەممەد، ئەندامی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسی، د. هێمن هەورامی، عەلی حوسێن، د. پشتیوان سادق، ئەندامانی مەکتەبی سیاسی و د. ئومێد سەباح و جەعفەر ئیمینکی، ئەندامانی کۆمیتەی ناوەندی.
 
شاندەکەی یەکێتیش پێکهاتوون لە؛ قوباد تاڵەبانی، ئەندامی مەکتەبی سیاسیی یەکێتی، دەرباز کۆسرەت رەسوڵ و ئاسۆ مامەند، كارگێڕانی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی، ئەمین بابە شێخ، ئەندامی مەکتەبی سیاسی و لێپرسراوی مەکتەبی پەیوەندییەکان، د. دارا رەشید، ئەندامی سەرکردایەتیی یەکێتی و د. میران محەممەد و ئەحمەد عەسکەری.
 
دوای کۆبوونەوەکە یەکێتی و پارتی راگەیێندراوێکی هاوبەشیان بڵاوکردەوە و ئاماژەیان بەوەکرد، لە کۆبوونەوەکە بارودۆخی گشتی، هاوکێشە ناوخۆیی، ناوچەییەکان، راوسەرنج و تێبینی هەردوولا لەسەر بابەتە جیاجیاکانی پەیوەست بەڕێککەوتنی پێشووتری هەردوولا خرانەڕوو، لە کۆتاییدا هەردوولا رێککەوتن لەدەرفەتێکی نزیکدا کۆببنەوە.

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە
 

دوایین هەواڵەکان

بارانبارین لە هەولێر. وێنە: بڵند تاهیر - رووداو

باران لە هەولێر و دهۆک بەراورد بە پار کەمتر باریوە

بەگوێرەی بەشی کەشناسیی وەزارەتی گواستنەوە و گەیاندنی هەرێمی کوردستان، لە سەرەتای مانگی 9 تاوەکو 18ـی ئەم مانگە، بەراورد بە هەمان ماوەی ساڵی رابردوو، بارانبارین لە سلێمانی و هەڵەبجە زیاتر بووە، بەڵام لە دهۆک و هەولێر باران کەمتر باریوە.