بزووتنەوەی گۆڕان سکاڵای یاسایی دژی مەلا بەختیار تۆمارکرد


رووداو دیجیتاڵ 

پارێزەر و ئەندامێکی ژووری یاسایی بزووتنەوەی گۆڕان دەڵێت، لە دادگە سکاڵایان لەسەر مەلا بەختیار تۆمارکردووە و داوای لێدەکەن هەر بەڵگەیەکی هەیە، کە دەیسەلمێنێت بزووتنەوەی گۆڕان دەستی هەبووە "لە قاچاخچێتی و داهاتی دەوازە سنوورییەکان" بیخاتەڕوو. 
 
رۆژی 13ـی ئەم مانگە، شەهاب کەریم، پێشمەرگەی کۆن و دانیشتووی ئەڵمانیا تۆمارێکی دەنگیی بڵاوکردەوە و گوتی، "دەنگی مەلا بەختیارە"، تێیدا هێرش دەکاتە سەر ژمارەیەک لە بەرپرسانی یەکێتی و دەڵێت: "تەنیا پێرێ شەو 11 ملیۆن دۆلاریان لە باشماخ دەستکەوتووە.. دوێنێ کە کۆبوونەوەکەیان تەواو بووە کێشەیان هەبووە، بافڵ و لاهوور و قوباد و کوڕێک بەناوی نەوزاد چوون لە ماڵی بافڵ دانیشتوون و داهاتی گومرگەکە چۆن لەنێو خۆیاندا دابەش بکەن، تۆزێکیشیان داوەتە گۆڕان، رۆژانە 50 سەیارەشیان داوە بە ئەوان بۆ ئەوەی داخڵی بکەن." 
 
رۆژی سێشەممە 31-1-2023، فەرمان حەسەن، پارێزەری بزووتنەوەی گۆڕان و ئەندامی ژووری یاسایی بزووتنەوەکە لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا راگەیاند: "گوتەبیژی بزووتنەوەی گۆڕان داوای لە مەلا بەختیار کرد هەر بەڵگەیەکی هەیە لەبارەی تۆمارە دەنگییەکەی بڵاوی بکاتەوە، بەڵام دیارە مەلا بەختیار هیچ وەڵامێکی نەبووە بۆ سەلماندنی قسەکانی، بۆیە ئەمڕۆ سکاڵایی یاسایمان لەسەر تۆمارکرد." 
 
بە گوتەی فەرمان حەسەن، سکاڵاکەیان بۆ ئەوەبوو چیدی دۆسیەکانی "گەندەڵی" تەنیا باس و خواسی سۆشیاڵمیدیا نەبێت و لە دادگە یەکلابکرێتەوە و دەشڵێت: "ئەو بەڕێزە (مەلا بەختیار) ئەگەر بەڵگەی هەیە با قسەکانی بسەلمێنێت کە بزووتنەوەکە بەشداری بچووک و گەورەی هەیە لە بابەتی بە قاچاخبردنی داهاتی دەروازە سنوورییەکاندا." 
 
ئەو پارێزەرەی بزووتنەوەی گۆڕان گوتیشی، ئەوە یەکەمجار نییە سکاڵا لەسەر مەلا بەختیار تۆمار دەکەن و دەڵێت: "نابێت چیتر رێگە بە خۆیان بدەن کە تۆمەت بۆ بزووتنەوەکە دروست بکەن، هەر بەڵگەیەکیان هەیە با بیسەلمێنن، چونکە ئەو بەڕێزە پێشتر لە چەندین شوێن و دانیشتنی دیکەش بەبێ مەبەست یاخود بەهەر مەبەستێک بێت باسی هەندێک بابەتی تایبەت بە بزووتنەوەی گۆڕانی کردووە."