فازڵ میرانی: دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان پێیوایە، گرفتی نێوان یەکێتی و پارتی "ئەوەندە نییە"، کە لەسەری ناکۆک بن. لەبارەی بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵیی عێراقیش لە دژی هەرێمی کوردستان دەڵێت: ''دەبێت هەیکەل و ناوەڕۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق بگۆڕدرێت، ئەگینا عێراق دەناڵێنێت بەدەستییەوە.''
رۆژی 31-01-2023، فازڵ میرانی، بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی دیموکراتی کوردستان لە سەمینارێکدا کە بەبۆنەی 36ەمین ساڵیادی کۆچی دوایی ئیدریس بارزانی، لەلایەن لقی دووی پارتی بۆی رێکخرابوو، باسی لە پێشهاتەکانی هەرێمی کوردستان و عێراق کرد.
فازڵ میرانی لەبارەی هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان کە بەپێی پێشنیازەیاسایەکی ئەو پەرلەمانە دەبێت تاوەکو کۆتایی ئەمساڵ بکرێت، گوتی: "دەبێت ئەمساڵ هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان بکرێت، چونکە ئەگەر ئەمساڵ هەڵبژاردن نەکەین ئەم خۆهەڵکێشانە بەئەزموونیی کوردستان کە خەڵک رێزی لێدەگرێت، لەق دەبێت.''
بەهۆی ناکۆکی حیزبەکان بە تایبەتی پارتی و یەکێتی، لەسەر هەمواردنەوەی یاسای هەڵبژاردن و کاراکردنەوەی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن، نەتوانرا هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمان لە وادەی خۆیدا بکرێت، بۆیە تەمەنی خولی پێنجەم لە 6-11-2022 بۆ کۆتایی ئەمساڵ درێژکرایەوە، بەو مەرجەی هەڵبژاردن لەو ماوەیەدا بکرێت.
بەرپرسی دەستەی کارگێڕیی مەکتەبی سیاسیی پارتی لەبارەی ناکۆکییەکانی ئەو دوو لایەنە سیاسییەوە گوتی: "پارتی و یەکێتی و حیزبە سیاسییەکانی دیکەش دەبێ ئەوە بزانن بەرپرسیارێتییەکی مێژووییان لە ئەستۆیە بۆ هەڵبژاردن. ئەم ناکۆکییەش کە بەهۆی شێوەی ئیدارەدانە، ئەوەندەی من بزانم ئەوە ناهێنێت کە لەسەری ناکۆک بن."
فازڵ میرانی باسی لە بڕیارەکانی دادگەی فیدراڵی کرد و گوتی: ''دەبێت هەیکەل و ناوەڕۆکی دادگەی فیدراڵیی عێراق بگۆڕدرێت ئەگینا عێراق دەناڵێنێت بەدەستییەوە، ئێستا دادگەی فیدراڵی حکومەت و پەرلەمانی لاداوە و خۆی بووەتە تەنیا بڕیاردەر.'' دەشڵێت، "ئەوانەی لە دادگەی فیدراڵین بە کام یاسا مافی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانیان بڕیوە، لە هیچ یاسایەکدا نییە کە مووچەی فەرمانبەران ببڕێت."
رۆژی چوارشەممە، 25-01-2023، دادگەی باڵای فیدراڵیی عێراق لەبارەی سكاڵایەک لەسەر بڕیارەکانی ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراق لەسەر ناردنی پارە بۆ مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستان کۆبووەوە، کە لەلایەن مستەفا سەنەد، پەرلەمانتاری سەربەخۆ و ئەندامی لیژنەی دارایی پەرلەمانی عێراق و محەممەد مەیاحی، پارێزگاری واستەوە تۆمار کرابوون.
بەگوێرەى بڕیارەکەى دادگەى باڵاى فیدراڵى، ئەو بڕیارانەى ئەنجوومەنى وەزیرانى عێراق پێچەوانەى یاسای بودجەى 2021 و یاسای بەڕێوەبردنى دارایی ساڵى 2019 بوون کە ناردنى پارە بۆ هەرێمى کوردستان پێویستى بە پاکتاوى دارایی پەیوەست بە داهاتى نەوت و نانەوتیى هەرێمى کوردستان هەیە و ئەنجوومەنى وەزیران نابێت بڕیارێک دەربکات کە قورسایی ئابوورى بخاتە سەر خەزێنەى دەوڵەت بە پێچەوانەى یاسای بودجە و یاسای بەڕێوەبردنى دارایی.