نوێنەری یەکگرتوو: وەزیری ناوخۆی تورکیا بەڵێنیدا راستیی کوژرانی پێنج کەسەکەی دهۆک ئاشکرا بکەن


رووداو دیجیتاڵ

بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە تورکیا رایدەگەیێنێت، لە کۆبوونەوەی ئەمینداری حیزبەکە لەگەڵ وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە کە رۆژی دووشەممە کرا، سلێمان سۆیلۆ "بەڵێنی داوە" کە لێکۆڵینەوەکانیان لەبارەی کوژرانی پێنج هاونیشتمانییەکەی دهۆک لە مێردین بەردەوام دەبێت و ئەوان لە ئەنجامی لێکۆڵینەوەکان یەکگرتوو ئاگادار دەکەنەوە.
 
رۆژی دووشەممە، 30-01-2023، سەلاحەدین بەهادین، ئەمینداری گشتیی یەکگرتوو لە تورکیا لەگەڵ سلێمان سۆیلو، وەزیری ناوخۆی ئەو وڵاتە کۆبووەوە. لەبارەی کۆبوونەوەکە؛ نوێنەری حیزبەکە لە تورکیا دەڵێت، دوو ئامانجی هەبووە؛ یەکەم ئەمینداری یەکگرتوو "دەستخۆشی لە وەزیری ناوخۆ بۆ بەدواداچوون" لە کەیسی کوژراوانی دهۆک لە مێردین کردووە. لەبارەی هۆکاری دووەمیشەوە دەڵێت، ئەمینداری یەکگرتوو داوای کردووە هۆکارەکانی پشت رووداوەکە بۆ رای گشتی ئاشکرا بکرێت.
 
ئەمڕۆ سێشەممە، 31-01-2023، لوقمان باسکەدێری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە تورکیا میوانی بووڵتەنی کاژێر 13:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو بوو کە شەهیان تەحسین پێشکێشی دەکات، رایگەیاند، وەزیری ناوخۆی تورکیا "بەڵێنی داوە" کە هەموو کارێک دەکات بۆ بەدواداچوون لە رووداوی کوشتنی پێنج هاونیشتمانییەکەی دهۆک لە مێردین.
 
بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکگرتوو لە تورکیا باسی لەوە کرد، سەرەتا شەش کەس گیرابوون، بەڵام ئێستا چوار کەس لە زیندانن کە دوو کەسیان تۆمەتباری سەرەکی و دوو کەسەکەی دیکەیش هاوکاربوون و چاودێریی رووداوەکەیان کردووە. لەبارەی ئەو قسانەی کە باس لەوە دەکەن یەکێک لە تۆمەتبارەکان پەیوەندی لەگەڵ خێزانی کوژراوەکەوە هەیە، باسکەدێری گوتی، ئەو قسانە راست نین.
 
دەقی هەڤپەیڤینی رووداو لەگەڵ لوقمان باسکەدێری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکگرتووی ئیسلامیی کوردستان لە تورکیا:
 
رووداو: دەمەوێت بزانم لە کۆبوونەوەکەدا چی باسکراوە، هیچ پێشهاتێک، زانیارییەکی نوێ لەسەر کوژرانی ئەو پێنج هاونیشتمانییەی دهۆک لە مێردین ئاشکرا کراوە؟

 

لوقمان باسکەدێری: بە ناوی خوای گەورە و میهرەبان. سوپاس بۆ ئێوە بۆ ئەم دەرفەتە. سەردانی جەنابی ئەمینداری یەکگرتوو بۆ تورکیا بە گشتی و بۆ هەندێک شوێنی تایبەت لە ناو تورکیادا بۆ ئەوە بووە کە ئەو رووداوە لە مێردین روویدا و جەنابتان ئاماژەتان پێدا. ئەم دۆسیەیە لەلای ئەمیندار و یەکگرتوو و، خەڵکی کوردستان و هەموو لایەنەکان زۆر گەورەیە، بۆیە پێویستە هەرکەسێک و لەلای خۆیەوە، بە تایبەت یەکگرتوو زۆر گرنگی بەو بابەتە دەدات و بەدواداچوونی بۆ دەکات، بۆیە دوێنێ جەنابی ئەمینداری یەکگرتوو و، شاندی یاوەری چووینە وەزارەتی ناوخۆ و بەتایبەت لەگەڵ بەڕێز سلێمان سۆیلۆ، وەزیری ناوخۆ [کۆبوونەوە]، هەر لەبارەی ئەم رووداوەوە بوو. دوو هۆکاری سەرەکی هەبوو، یەکەم؛ بۆ دەستخۆشی و سوپاسی جەنابی وەزیری ناوخۆ و دەزگا ئەمنییەکانی حکومەتی تورکیا کە هەرزوو توانییان تاوانبارەکان دەستنیشان بکەن و دەستگیریان بکەن، ئەمە جێگەی رێز بوو بەلای ئێمەوە، بۆیە جەنابی ئەمیندار زۆر دەستخۆشی لێیان کرد. خاڵی دووەم ئەوە بوو کە ئێمە سوورین لەسەر ئەوە و داواکاریمان ئەوەیە کە ئێوە لەسەر هێڵ بن و ئەو تاوانبارانەی کە دیارن و دەستگیرکراون، بۆچی ئەو کارەیان کردووە؟ کێ لەپشت رووداوەکەیە و چۆنیەتیی رووداوەکە؛ جەنابی ئەمیندار باسی کردووە کە ئێمە چاوەڕێی ئەوەین ئەوانەمان بۆ روون بکەنەوە بۆ ئەوەی بۆ ئێمە و بۆ  کەسوکاری و خەڵکی کوردستانیش ئەم تاوانە بە دروستی ئاشکرابکرێت، بۆیە ئەم سەردانە کرا.
 
رووداو: دکتۆر تۆ خۆیشت لە کۆبوونەوەکە بەشداربووی، وەزیری ناوخۆی تورکیا چی گوتووە لەسەر پرسیارەکانی ئەمینداری یەکگرتوو و، گەیشتوون بە کوێ؟ پێشهات چییە؟ چ زانیارییەک دەستکەوتووە. وەزیری ناوخۆی تورکیا چی گوتووە؟
 
لوقمان باسکەدێری: لە سەرەتای هەموو قسەکان تەقریبەن سێ جار دووبارەی کردەوە و سەرەخۆشی خۆی و حکومەتی تورکیا و خەڵکی تورکیا گەیاندە جەنابی ئەمینداری یەکگرتوو بۆ ئەم رووداوە و شەهیدبوونی ئەم هاووڵاتییانە؛ ئەوەی دیکە سووربوونی خۆی دیارکرد و هەنگاوەکانی کارکردنیشیان بۆ جەنابی ئەمیندار باس کرد کە لە سەرەتای رووداوەکەوە چییان کردووە و جدییەتی حکومەتی تورکیا و دەزگا ئەمنییەکانی بۆ جەنابی ئەمیندار باس کرد؛ ئەمە بۆ سەرەتا. دوای ئەوەش جەنابی وەزیر بەڵێنی دا کە ئەوان بەردەوامن و هەندێک هەنگاویشیان ناوە کە رەنگە جارێ زوو بێت باسی بکەن، بەڵام سووربوونی خۆی دیارکرد و بەڵێنی دا، ئەوەی کە بۆ ئێمەش بەرچاوبوو، تاوەکو ئەم ساتەش و بەپێی قەناعەتی ئەوانیش ئەمە رووداوێكی ئاسایی نییە کە هەندێک کەس هاتبن و بۆ پارە ئەو کارەیان کردبێت، بەڵام سەرەڕای ئەوەش گوتی ئێستا ناتوانین هیچ شتێکی دیکە بڵێین، چونکە هێشتا بەدواداچوون و لێکۆڵینەوە دەکەین و هەر کاتێک بەڵگەیەک کەوتە دەستمان، ئەوکاتە دەتوانین راستیی رووداوەکە باس بکەین. رەنگە ئەنجامی ئەو رووداوە بۆ ئێمەش جارێ زووبێت کە ئێمە بڵێین چی بووە تاوەکو لایەنی پەیوەندیدار بڕیارەکانی بدات و ئەوان ئاشکرای بکەن.
 
رووداو: باشە ئێوە هیچتان نەزانی یان هیچتان لێ داوا نەکرا کە لێرە لە هەرێمی کوردستان بە تایبەت لە دهۆک لەگەڵ لایەنی بەرپرسیار و لایەنی فەرمی هاوئاهەنگی هەیە؟ چونکە زۆر سیناریۆ هەیە، هەندێک دەڵێن لە دهۆک پلانەکە دانراوە، هەندێکی دیکە دەڵێن، بۆ ئەنجامدانی ئەو کارە خەڵک لە دهۆکەوە چووەتە مێردین. داوای ئەو شتە لە ئێوە کرا؟ ئەو هاوئاهەنگییە هەیە لەگەڵ هەرێمی کوردستان و حکومەتی خۆجێیی دهۆک؟
 
لوقمان باسکەدێری: پرسیار کرا و باسی هەندێک زانیاری کرا؛ ئەوانەی بەرچاو کە هەندێک هەبوون... هەندێک سیناریۆ باس کرا، بەڵام هیچ یەکێک لەو سیناریۆیانە کەس ناتوانێت بیسەلمێنێت، چونکە جارێ لێکۆڵینەوە بەردەوامە و بەڵگەی یەکلاکەرەوە هێشتا بەردەست نەبووە. لە دهۆک [لەبارەی ئەو قسانەی کە دەگوترێت تۆمەتبار لە دهۆکەوە هاتووە بۆ تورکیا]، ئەوە لای ئێمە و لای تورکیاش ئاشکرایە و زۆر سیناریۆی دیکەیش هەن..
 
رووداو: چەند کەس دەستگیرکراون؟ ئەوان بەردەوامن لە بانگکردنی خەڵک و لێکۆڵینەوە لەگەڵیان یان تەنیا ئەو چوار کەسەن؟
 
لوقمان باسکەدێری: بەگوێرەی وەزیری ناوخۆی تورکیا: سەرەتا شەش کەس دەستگیرکرابوون و دوو کەس ئازادکراون و چوار کەسی دیکە ماون. ئەوانەی کە ئێستا لە زیندانن چوار کەسن. لێکۆڵینەوە لەگەڵیان بەردەوامە و لە دەرەوەی ئەوەش لێکۆڵینەوەکانیان بەردەوامن کە بەردەوام بەدواداچوون دەکەن کە بزانن دەگەن بە چ راستییەک، ئەوشتانەی کە دەست ئەوان کەوتوون تاوەکو ئێستا هەر لێکۆڵینەوەی بۆ دەکەن، بەڵام ئەوە هێشتا لەژێر لێکۆڵینەوەیە.
 
رووداو: پەیوەندی ئەو چوار کەسە بە یەکدی چییە؟ پەیوەندیی ئەوان لەگەڵ خێزانی قوربانییەکان چییە؟
 
لوقمان باسکەدێری: پەیوەندییەکانیان بەگوێرەی ئەوەی تائێستا روونە؛ دوو لەوانەی کە بکەری رووداوەکەن؛ دووەکەی دیکە چاودێرییان کردووە و لەگەڵ تۆمەتبارانی سەرەکی نەبوون، ئەمانەی کە باس دەکرێن جارێ ئەمەن، بەڵام پەیوەندیی تۆمەتبارانی سەرەکی لەگەڵ خێزانی قوربانییەکان؛ تاوەکو ئێستا هەرشتێک باس کرابێت، هیچ راستییەکی بۆ نییە. لەوێش هەندێک پرسیار هەبوون و وەڵامیش درانەوە یان ئەوانیش نەگەیشوون بەو قەناعەتەی کە ئەو کەسەی بکەری سەرەکیی رووداوەکەیە هیچ پەیوەندییەکی لەگەڵ خێزانی قوربانییەکان هەبووبێت و ئەوەی دەگوترێت قسەی شەقامە و هیچ راستی و بەڵگەیەک نییە ئەوە بسەلمێنێت.
 
رووداو: باشە، ئەگەر وابێت ئێوە چۆن بیر لە رووداوەکە دەکەنەوە؟ سەرەتا گوتتان ئەمە رووداوێکی ئاسایی نییە! ئەی بابەتەکە چییە؟
 
لوقمان باسکەدێری: کاتێک رووداوێکی ئاوها گەورە دروست دەبێت، زۆر بیرکرنەوە بۆ هەر لایەنێک دروست دەبێت، بەڵام ئێمە پێی دەڵێین سیناریۆ، چونکە لەوانەیە زۆر سیناریۆ لەبەدەست هەبن، بەڵام ناتوانین باسی بکەین و بڵێن لەوانەیە ئەم سیناریۆیە بێت، چونکە لێکۆڵینەوە بەردەوامە و چاوەڕێ دەکەین تاوەکو وەڵامی فەرمی لە لایەنی پەیوەندیدارەوە وەردگرین.
 
رووداو: هیچ کاتێک دیاریکراوە بۆ نموونە تاوەکو مانگێکی دیکە لێکۆڵینەوە دەکرێت تاوەکو دوو مانگی دیکە یان تاوەکو ساڵێکی دیکە، هیچ کاتێکی دیاریکراوە بۆ ئەوە؟
 
لوقمان باسکەدێری: ئەو بەڵێنانەی کە جەنابی وەزیری ناوخۆ داویەتی.. گوتی: ئێمە لە لێکۆڵینەوەکانمان بەردەوام دەبین و ئەنجامی دروستی رووداوەکە دەگەیێنینە بەردەستی ئێوە و دەستی لێ بەرنادەین تاوەکو دروستیی رووداوەکە و هەموو لایەنەی ئەو رووداوە بێنە بەرچاو و بە بەڵگە، ئەوکات واز لە کەیسەکە دەهێنین. ئەمە بەڵێنی ئەو بوو کە دەستی لێ بەرنادەن تاوەکو هەموو راستییەکان ئاشکرا دەکەن.
 
رووداو: باشە، یانی بۆ ئەوانیش کە جگە لەوەی پێنج کەسن و لە دوو خێزانن، بۆ ئەوانیش بووەتە گرێ کە بزانن بابەتەکە چییە؟ لە دەستپێکی ئەم کارەی کە کراوە لە تورکیاش هەندێک قسە دەکرا و هەندێک لایەن تۆمەتبارە دەکران. ئێستا لایەنی تورکی لەسەر چی سیناریۆ و مژارێک کاردەکات و بەدواداچوون بۆ چی دەکات زیاتر؟
 
لوقمان باسکەدێری: هەرکەسێک قسەی کردبێت چ لە تورکیا، خەڵکی گشتییە و قسەی کردووە، لایەنی فەرمی بەهیچ شێوەیەک باسی هیچی نەکردووە و لەسەر هیچ سیناریۆیەک رانەوەستاوە، کەسیش ناتوانێت پشت بە خەڵکی گشتی ببەستێت و خەڵک بە ئارەزووی خۆی شیکردنەوە دەکات. هیچ لایەنێکی فەرمی لە تورکیا و هەرێمی کوردستان و لە حکومەتی عێراق تاوەکو ئێستا باسی هیچ سیناریۆیەکی تایبەتیان نەکردووە و هەموو شتەکانی گشتین؛ ئەم شتانەش هەر دەبن کە خەڵکانێک باسی سیناریۆ دەکەن، بۆیە تاوەکو ئێستا لەسەر هیچ سیناریۆیەک نەوەستاون.
 
رووداو: زۆر سوپاس بەڕێز دکتۆر لوقمان باسکەدێری، بەرپرسی پەیوەندییەکانی یەکگرتوو لە تورکیا
 
لوقمان باسکەدێری: زۆر سوپاس بۆ ئێوەش.