گوتەبێژی پارتی بۆ رووداو: هۆشیار زێباری ناکشێتەوە
رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان بە رووداوی راگەیاند، هۆشیار زێباری وەک بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق دەمێنێتەوە و ناکشێتەوە.
مەحموود محەممەد، گوتەبژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە کاتی بەشدارییکردنی لە بوولتەنی کاژێر 12:00 کە سەنگەر عەبدولڕەحمان پێشکێشی دەکات لەبارەی دەستپێشخەرییەکەی سەرۆک بارزانی و سەردانی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەجەف گوتی " ئەو بابەتە دەمێکە لەسەر مێزی گفتوگۆیە لەنێوان سەرۆک بارزانی و لایەنەکانی شیعی و سوننی، ئەمەش بۆ ئەوەی سەرۆک کێشەکان چارەسەر بکات، لە کۆبوونەوەی 15 رۆژ پێش ئێستای مەکتەبی سیاسیی باسی لێوەکرا، ئەم کێشەیە کێشەی نێوخۆی ماڵی شیعەیە کە تاوەکو ئێستا چارەسەر نەکراوە و بە هەڵواسراوی ماوەتەوە و سەرۆک بارزانیش ئەم دەستپێشخەرییەی ئەنجامدا کە بەڕێز کاک نێچیرڤان بارزانی سەردانی نەجەف بکات و گرژیی لەنێوان لایەنەکان دروست نەبێت."
بڕیارە کەمێکی دیکە ناوی 26 بەربژێر بۆ پۆستی سەرۆککۆماری عێراق رابگەیێنرێن و پەیامنێری رووداو دەڵێت، هیچ کێشەیەکی یاساییان نەبووە.
گوتەبژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لەبارەی پۆستی سەرۆککۆماری عێراق و بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان دەڵێت " ئەوەی تاوەکو ئێستا ئێمە بڕیارمان لەسەرداوە هەر ئەوەیە کە کاک هۆشیار زێباری وەک بەربژێری پارتی دیموکراتی کوردستان لە پشکی کوردستان بۆ سەرۆککۆماری بەربژێر بکرێت و هیچ شتێکیش لەبارەی کشانەوەی نییە."
لەبارەی سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی گوتی " قائانی دەمێکە لە بەغدایە و چەندین جاریش هاتووەتە هەولێر و سەردانی سەرۆک بارزانی کردووە، داوایان لە سەرۆک بارزانی کردووە رۆڵ ببینێت بەهۆی ئەو رێزەی لە سەرتاسەری عێراق لێی دەگرن بۆ ئەوەی بتوانێت کێشەکانی نێو ماڵی شیعە چارەسەربکات."
لە وەڵامی پرسیارێکی سەنگەر عەبدولڕەحمان کە ئایا سەرۆک بارزانی دەیەوێت نێو ماڵی شیعە رێکبخاتەوە؟ مەحموود محەممەد دەڵێت "لەم قۆناخەدا بەرژەوەندی لەوەدایە کە هەم سووننە و هەم شیعە و هەم کورد یەکڕیز بن چونکە هەرسێ لا بەرپرسیاریێتی نیشتمانییان هەیە و لەو ئاڵەنگارییانەی رووبەڕوویان بووەتەوە چارەسەربکرێت، بۆیە سەرۆک بارزانی پێی باش بووە کە نێو ماڵی شیعە رێکبخرێت. بۆیە عێراق پێویستی بەم هەموو شەڕ و نەبوونی خزمەتگوزارییە نییە."
دوای سەردانەکەی بۆ نەجەف ئایا نێچیرڤان بارزانی سەردانی هیچ لایەنێک دەکات بۆ نموونە لەنێوخۆی هەرێمی کوردستان نیازی نییە سەردانی یەکێتی بکات؟ مەحموود محەممەد دەڵێت "تاوەکو ئێستا هیچ بەرنامەیەک دانەنراوە و دەمێنێتەوە سەر ئەوەی گفتوگۆ بکەین لەسەر ئەو بابەتە، لە مەکتەبی سیاسییش هیچ بەرنامەیەکی کۆبوونەوەمان نییە."