ناوەڕۆکی کۆبوونەوەی سەرۆک بارزانی و ئیسماعیل قائانی

رووداو دیجیتاڵ

بۆ یەکەمجار گوتەبێژی پارتی دیموکراتی کوردستان لە رووداو ئاشکرای دەکات کە فەرماندەی سوپای قودس داوای لە سەرۆک بارزانی کردووە رۆڵ ببینێت لە چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوماڵی شیعە.
 
گفتوگۆکانی پێکهێنانی حکومەت لە عێراق چڕبوونەتەوە. لایەنە شیعەکان بەسەر دوو بەرەی رەوتی سەدر و چوارچێوەی هاوئاهەنگی دابەش بوون. ئێران دەیەوێت ماڵی شیعە لەو دوو بەرەکییە دەربهێنێت و فەرماندەی سوپای قودسی بۆ گفتوگۆ لەگەڵ لایەنە شیعەکان ناردووەتە عێراق.
 
ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی سوپای قودس بۆ ئەو مەبەستە لەگەڵ سەرۆک بارزانیش کۆبووتەوە. لەبارەی سەردانی ئیسماعیل قائانی، فەرماندەی فەیلەقی قودسی سوپای پاسدارانی ئێران بۆ هەولێر و کۆبوونەوەی لەگەڵ سەرۆک بارزانی، مەحموود محەممەد، گوتەبێژی پارتی لە کاژێر 12:00 میوانی سەنگەر عەبدولڕەحمان بوو و بە رووداوی راگەیاند: " قائانی دەمێکە لە بەغدایە و چەندین جاریش هاتووەتە هەولێر و سەردانی سەرۆک بارزانی کردووە".
 
گوتەبێژی پارتی لەبارەی ناوەڕۆکی کۆبوونەوەکەوە گوتی: "داوایان لە سەرۆک بارزانی کردووە بەهۆی ئەو رێزەی لە سەرتاسەری عێراق لێی دەگرن رۆڵ ببینێت بۆ ئەوەی بتوانێت کێشەکانی نێو ماڵی شیعە چارەسەربکات".
 
هەر ئەمڕۆ دووشەممە 31-1-2022 لەسەر پێشنیازی سەرۆک بارزانی،  نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی چووە نەجەف بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ موقتەدا سەدر، رێبەری رەوتی سەدر. هاوکات شاندێکی سوننەکانیش کە پێکهاتبوو لە محەممەد حەلبووسی و خەمیس جەنجەر چوونە نەجەف و لەگەڵ نێچیرڤان بارزانی لەگەڵ موقتەدا سەدر کۆبوونەوە.
 
سەرۆک بارزانی لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی بۆ نەجەف رایگەیاند: "لەپێناو چارەسەری گیروگرفتەكان و رەخساندنی كەشێكی گونجاو و باش بۆ پڕۆسەی سیاسیی عێراق، دەستپێشخەرییەكی سیاسیم خستووەتەڕوو. لە چوارچێوەی ئەم دەستپێشخەرییەدا پێشنیازم كردووە بەڕێزان نێچیرڤان بارزانی و محەممەد حەلبووسی سەردانی سەماحەتی سەید موقتەدا سەدر بكەن و لەسەر چۆنیێتیی بەردەوامبوونی پرۆسەی سیاسی و نەهێشتنی كۆسپ و گرفتەكان راوێژ بكەن."
 
لەبارەی سەردانەکەی نێچیرڤان بارزانی، جێگری سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بۆ نەجەف، فازڵ میرانی سکرتێری مەکتەبی سیاسیی پارتی گوتی: "ئەمڕۆ بە نوێنەرایەتیی سەرۆک بارزانی کاک نێچیرڤان چووە نەجەف بۆ ئەوەی پرسی نێو ماڵی شیعە چارەسەر بکات". 
 
فازل میرانی گوتی، ئەگەر ئەم هەوڵە سەرکەوتوو بوو، ئەوا کارێکی زۆر باشە، بەڵام ئەگەریش رازی نەبوو، ئەو کاتە چوارچێوەی هاوئاهەنگی دەزانن کە سەرۆک بارزانی هەوڵی تەواوی دا و نێچیرڤان بارزانی ناردە لای موقتەدا سەدر بۆ ئەوەی نێو ماڵی شیعە یەکبخات.