لە پارێزگای سێواز گورگ هێرشدەکەنە سەر گوندێک

01-02-2021
هەوار ئیسماعیل
دانیشتووانی گوندەکە بۆ پارێزگاری لە ئاژەڵەکانیان داوای سەگی زیاتر دەکەن
دانیشتووانی گوندەکە بۆ پارێزگاری لە ئاژەڵەکانیان داوای سەگی زیاتر دەکەن
نیشانەکردن پارێزگای سێواز گورگ
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ 

لە گوندی کۆجائۆغڵووە لە شارۆچکەی گەمەرەکی سەر بە پارێزگای سێوازی باکووری کوردستان، گەلە گورگێک چوونەتە نێو گوندەکەوە. وەک لە دیمەنەکانی کامێرای چاودێری هۆڵی ئاژەڵان دیارە، گورگەکان لە هۆڵەکە نزیک دەبنەوە و سەگێک پارچە پارچە دەکەن کە بەستراوە و ناتوانێت بەرگری لە خۆی بکات. 
 
تانش کۆرکماز، خاوەنی تەویلە دەڵێت "بەیانییەکەی هاتم بۆ ئەوەی خۆراک بدەمە ئاژەڵەکان. بەفر دەباری، منیش بە عارەبانەیەکی دەستی رێگەکەم کردەوە. بینیم سەگەکەم دیار نییە، شوێنەواری خوێن دیاربوو، کەمێک چوومە خوارتر بینیم سەگەکەمیان خواردووە. گەڕامەوە و چوومە ناو هۆڵەکە، کاتێك بۆ فڕێدانی پاشماوەی ئاژەڵەکان هاتمە دەرەوە، گورگێک چاودێری دەکردم، خۆی شاردبووەوە. کە دەچوومە ژوورەوە جارێکی دیکە دەردەکەوت، هەر کە منی دەبینی خۆی دەشاردەوە، نەمانویست زیانیان پێ بگەیێنین". 
 
موختار و دانیشووانی گوندی کۆجائۆغڵو داوا لە حکومەت و کاربەدەستە کارگێڕیییەکانی پارێزگاکەیان دەکەن سەگی کانگاڵیان بۆ دابین بکەن بۆ ئەوەی بتوانن پارێزگاری لە ئاژەڵ و پەلەوەرەکانیان بکەن. 
 
محەممەد ئاڵتوونتاش، موختاری گوند ئاماژە بەوە دەدات "رووداوەکە 2 رۆژ بەر لە ئێستا کاژێر نزیکەی شەشی بەیانی روویدا، حەوت گورگ هێرشیان کردووەتە سەر سەگی تانشی برامان. سەگەکە لەبەرئەوەی بە زنجیر بەستراوەتەوە هیچی پێ نەکراوە. سەگەکەیان خواردووە. کێشەی زۆرمان هەیە لە پەیداکردنی سەگ. گوندەکەشمان لە ناوچەیەکی دوورە دەستە، لە شوێنێکی شاخاویدا دەژین".
 
سەگی کانگاڵ کە جۆرە سەگێکی تایبەتی کوردستانییە و لە باشووری کوردستان بە هەوشار ناسراوە، 6000 هەزار ساڵ بەر لە ئێستا لە کێوەکانی ناوچەی کانگاڵی باشووری پارێزگای سێواز ژیاوە و دواترماڵی کراوە. کانگاڵ تاکە سەگە کە دەتوانێ بەشێوەیەکی بەهێز رووبەڕووی گورگ و رێوی و ئاژەڵی کێوی ببێتەوە و لە هەمانکاتدا هیچ مەترسییەک لەسەر ئەندامانی ئەو خێزانە دروست ناکات لەگەڵیدا دەژی بە تایبەتیش لەسەر منداڵان.   
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە