قایمقامیەتی هەولێر نووسینگەی لیژنەی داکۆکی لە زیانلێکەوتووانی تیرۆر دادەخات

31-01-2019
گۆڤەند مستەفا
لە هەولێر زیانلێکەوتووانی دەستی تیرۆر گردبوونەوەیان ئەنجامدا
لە هەولێر زیانلێکەوتووانی دەستی تیرۆر گردبوونەوەیان ئەنجامدا
نیشانەکردن قەرەبوو
A+ A-

رووداو - هەولێر

لەبەردەم نووسینگەی لیژنەی داکۆکی لە زیانلێکەوتووانی تیرۆر، ژمارەیەک لە زیانلێکەوتووانی دەستی تیرۆر گردبوونەوەیەکیان ئەنجامداوە و داوا لە بەرپرسانی حکومەتی هەرێمی کوردستان دەکەن "یاری بە هەستیان نەکرێت و دەڵێن ئەو نووسینگەیەی کراوەتەوە هیچ بنەمایەکی نییە و پارە لە خەڵک وەردەگرن".

فەرهاد دۆڵەمەری، پەیامنێری رووداو لە هەولێر رایگەیاند، ماوەی 15 رۆژ دەبێت نووسینگەی لیژنەی داکۆکی لە زیانلێکەوتووانی تیرۆر کە سەر بە حکومەتی عێراقە لە هەولێر کراوەتەوە، لە ماوەی ئەو 15 رۆژە نووسینگەکە دەستیکردووە بە پڕکردنەوەی فۆڕم بۆ زیانلێکەوتووانی دەستی تیرۆر، ئێستاش دەرکەوتووە ئەو لیژنەیە فۆڕم بۆ زیانلێکەوتووان پڕدەکاتەوە هیچ هاوئاهەنگییەکی لەگەڵ ئەو لیژنەیە نییە کە لەلایەن وەزارەتی کاروباری شەهیدان و ئەنفالکراونی حکومەتی هەرێمی کوردستان و وەزارەتی شەهیدانی عێراق پێکهێندراوە.

پەیامنێری رووداو دەڵێت "ئێستا دوو لیژنە هەن، هیچ یەکێک لەو لیژنانەش هاوئاهەنگیان لەگەڵ یەکدی نییە، بۆیە ئەمڕۆ قایمقامی هەولێر بڕیاری داخستنی ئەو نووسینگەیەی دا، بەو پێیەی مۆڵەتی وەزارەتی ناوخۆی نییە، داوا لە کەسی یەکەمی ئەو نووسینگەیە (لیژنەی داکۆکی لە زیانلێکەوتووانی تیرۆر) کراوە مۆڵەت بهێنێت بۆ ئەوەی رێگە بە کارکردنی بدرێت".

یەکێک لەو هاونیشتمانیانەی کە لەبەردەم نووسینگەی لیژنەی داکۆکی لە زیانلێکەوتووانی تیرۆر گردبوونەتەوە بە رووداوی گوت  "ئەگەر نووسینگەیەک هەیە بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی داعش بکاتەوە، داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەم کە بەداتا هەموو ناوی هەموو زیانلێکەوتووانی دەستی تیرۆری لەلایە، ئەم کارە خۆیان ئەنجامی بدەن و چیدیکە یاری بە هەستی ئەو خەڵکە نەکرێت و هەرکەسێک لە راست خۆیەوە نووسینگەیەک دابنێت و پارە لە خەڵک وەربگرێت و دواتر نووسینگەکە راستی نەبێت".

یەکێکی دیکە لەو هاونیشتمانیانەی بەشدارە لە گردبوونەوەکە بۆ رووداو گوتی: "خاوەن سێ شەهیدم، لە 30-5-2016 سێ شەهیدم بە یەک رۆژ هەبووە، داوا لە وەزارەتی پێشمەرگە دەکەم چاوئ لێمان بێت، هاتووینە ئەو نووسینگەیە بۆ ئەوەی قەرەبوو بکرێینەوە، کەچی پارەمان لێوەردەگرن، بۆ هەر فۆرمێک بڕی 7 هەزاریان لێوەرگرتووین، ئێستاش کە هاتووین نووسینگەکە چۆڵکراوە و کەسی تێدا نەماوە، کەسیش نازانێت لە کوێوە هاتوون".

ماوی دوو رۆژە لیژنەیەک بۆ قەرەبووکردنەوەی زیانلێکەوتووانی دەستی تیرۆر لەسەر ئاستی باڵا لە بەغداوە هاتوونەتە هەولێر و لەگەڵ وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان کۆبوونەتەوە. هەردوولا گەیشتوونەتە رێککەوتن، بەو پێیەش ئەو لیژنەیەی لە چەند رۆژی رابردوو فۆڕمی بۆ زیانلێکەوتووانی پڕدەکردەوە  هەڵدەوەشێتەوە، لیژنەیەکی دیکە کە لەسەر ئاستی باڵا لەنێوان وەزارەتی کاروباری شەھیدان و ئەنفالکراوان و وەزارەتی شەهیدان لە حکومەتی فیدراڵ پێکهێندراوە دەستدەکەن بە ناونووسینی زیانلێکەوتووانی دەستی تیرۆر.

پێشتر نزار مامە، بەرپرسی نووسینگەی هەولێری لێژنەی دادکۆکی لە زیانلێکەوتوانی تیرۆر، بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاندبوو "دەستمان کردووە بە تۆمارکردن و پڕکردنەوەی فۆرم بۆ ئەو کەسانەی لەدوای 2003ـەوە بەهۆی شەڕ و کردەوەکانی تیرۆرەوە شەهید یان بیرنداربوون یان کەسوکاریان قوربانی کردەوە تیرۆریستییەکانە. دوای ئەوەی فۆرمیان بۆ پڕدەکەینەوە رەوانەی بەغدای دەکەین و لیژنەی سەرەکی لە بەغدا دیسان وردبینی دەکات و خۆی بڕیار لەو بارەیەوە دەدات ئاخۆ هاوکاری بکرێن یان هەر شتێکی دیکە کە پێویست بێت." 


نزار مامە رایگەیاندبوو، لیژنەکەی ئەوان بە بڕیاری بەغدا پێکهێنراوە و راستەوخۆ سەر بە ئەنجوومەنی وەزیرانی عێراقە.

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە