رووداو دیجیتاڵ
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا دەڵێت، بەبۆنەی هاتنی سەری ساڵەوە هەموو تواناکانی خۆیان دەخەنەگەڕ تاوەکو کارەبای زیاتر بە هاوبەشان بدەن. دەشڵێت، لە سبەی سێشەممەوە، پێدانی کارەبا یەک بۆ دوو کاژێر زیاد دەبێت.
لە دوو هەفتەی رابردوودا بەهۆی نزمبوونەوەی پلەی گەرما، هاتنی شەپۆلێکی باران و بەفر و زیادبوونی خواست، پێدانی کاژێرەکانی کارەبا کەمی کرد.
رۆژی دووشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، ئومێد ئەحمەد، گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند، "ئەو بەرهەمەی هەمانە هەمووی لە کاردایە و هەموو هەوڵێکمان دەدەین تاوەکو بتوانین لەم چەند رۆژەدا کارەبای زیاتر بە هاونیشتمانیان بدەین بە تایبەتی لە رۆژانی سەری ساڵدا."
گوتەبێژی وەزارەتی کارەبا گوتی، لە سبەینێوە واتا لە 31ـی مانگ تاوەکو درەنگانی شەو، کارەبا لە زۆربەی ناوچەکانی هەرێمی کوردستان دەبێت و لەم چەند رۆژەدا کارەبا یەک بۆ دوو کاژێر زیاد دەبێت.
بە گوتەی ئومێد ئەحمەد، "ئێستا لە پارێزگای هەولێر زیاتر لە 10 کاژێر کارەبا هەیە، لە پارێزگای سلێمانی و دهۆک نزیکەی 7 کاژێر و لە گەرمیانیش 14 کاژێر کارەبا هەیە."
لە هەرێمی کوردستان 3,500 مێگاوات کارەبا بەرهەم دەهێنرێت، لەکاتێکدا پێویستی بە زیاتر لە 6 هەزار و 500 مێگاواتە. ژمارەی هاوبەشانی کارەباش یەک ملیۆن و 900 هەزاری تێپەڕاندووە.
ئومێد ئەحمەد دەڵێت: "بڕیارە لە ناوەڕاستی مانگی شوبات و سەرەتای مانگی ئاداری ساڵی داهاتوو، 500 مێگاوات کارەبا زیاد بکرێت و بەم شێوەیەش کارەبا زۆر لە ئێستا زیاتر دەبێت و دەبێتە 4,000 مێگاوات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ