بەرگریی شارستانی بە 8 رێنمایی هۆشداری لە بەکارهێنانی یاریی ئاگرین دەدات

 
رووداو دیجیتاڵ 

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان، چەند رێنمایییەکی بۆ ئاهەنگەکانی شەوی سەری ساڵ بڵاوکردەوە، کە سەرجەمیان تایبەتن بە بەکارهێنانی یاری ئاگرین، هۆشداری دەدات لە کەوتنەوەی رووداوی هاوشێوەی هۆڵی ئاهەنگگێڕانەکەی قەزای حەمدانیە.
 
دووشەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، بەڕێوەبەرایەتی گشتیی بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان، هەشت رێنمایی بۆ بەڕێوەچوونی ئاهەنگەکانی سەری ساڵ بڵاوکردەوە و رایگەیاند، بۆ ئەوەی هاونیشتمانیان شەوێکی ئارام و دوور لەکارەسات بەسەربەرببەن؛ دەبێت ئەو شوێنانەی ئامادەکارییان بۆ ئاهەنگگێڕان کردووە؛ دڵنیابن لە بوونی مەرجەکانی بەرگریی شارستانی.
 
بەرگریی شارستانیی هەرێمی کوردستان داوا لە منداڵان دەکات دووربکەونەوە لە بەکارهێنانی یاری ئاگرین، هەروەها داوا لە شوفێران و سەرنشینان دەکات کە بە هیچ شێوەیەک لە نێو ئۆتۆمبێلدا یاریی ئاگرین بەکارنەهێنن. 
 
بەڕێوەبەرایەتییەکە داواشی کردووە لەهەر بارودۆخێکی نەخوازراو بەزووترین کات پەیوەندی بە ژمارە 115 بکەن تاوەکو تیمەکانیان بگەنە شوێنی مەبەست.
 
رێنماییەکانی بەرگری شارستانیی هەرێمی کوردستان بۆ ئاهەنگەکانی شەوی سەری ساڵ:
 
1- نابێت بەهیچ شێوەیەک منداڵان یاریی ئاگرین بەکاربهێنن.
2- لەناو ئۆتۆمبیل و لەکاتی لێخوڕین بەکارهێنانی یاریی ئاگرین مەترسیدارە.
3- نابێت یاریی ئاگرین لە نزیک باڵەخانە، دار و هەر مادەیەکی خێرا گڕگرتوو بەکاربهێنرێت، چونکە دەبێتە هۆی ئاگرکەوتنەوە.
4- بەهیچ شێوەیەک یاریی ئاگرین لە شوێنی داخراو بەکارنەهێنرێت.
5- نابێت یاریی ئاگرین لە ژێر تەلەکانی کارەبا بەکاربهێنرێت و مەترسیدارە .
6- لە نزیک تانکی نەوت و بەنزینخانەکان بەکارهێنانی یاریی ئاگرین کارەساتی لێدەکەوێتەوە.
7- بەکارهێنانی یاریی ئاگرین لە نزیک موەلیدەکان مەترسیدارە، بەهۆی بوونی تانکی گاز و تەلی کارەبا.
8- ئەو شوێنانەی ئامادەکارییان بۆ ئاهەنگگێڕان کردووە، دڵنیابن لە بوونی مەرجەکانی بەرگریی شارستانی، بە پێچەوانەوە کارەساتی هاوشێوەی هۆڵەکەی موسڵ روودەدات.
 
کاژێر 10:30ـی شەوی 26ـی ئەیلوولی 2023، بنمیچی هۆڵێکی بۆنەکانی قەزای حەمدانیەی سەر بە پارێزگای نەینەوا بەناوی هۆڵی هەیسەم گڕی گرت. بەوهۆیەوە 127 کەس گیانیان لەدەستدا و زیاتر لە 150 کەسیش برینداربوون.