رووداو دیجیتاڵ
گەنجێکی نیڤشکانی خەڵکی هەڵەبجە لەڕێگەی پرۆگرامی چیڤنینگەوە بڕوانامەی ماستەر لە زانستی کۆمپیوتەر لە بەریتانیا بەدەست دەهێنێت و دەڵێت: ''لە بەریتانیا هەموو پێداویستییەک بۆ خوێندنی نیڤشکان دابینکراوە.''
ئەمڕۆ دووشەممە، 30-12-2024، بەختەوەر بەرزان کە مامۆستای زانکۆشە، لەکاتی بەشداریکردنی لە بووڵتەنی کاژێر 10:00ـی تۆڕی میدیایی رووداو کە ئارێز خالید پێشکێشیکرد، لەبارەی بەدەستهێنانی بڕوانامەکەیەوە لەڕێگەی پرۆگرامی چیڤنینگ رایگەیاند: ''لە بەریتانیا هەموو ئاسانکارییەک کرابوو و بەوپەڕی رێزەوە مامەڵەیان لەگەڵ دەکردم.''
بەختەوەر بەرزان گوتی، خوێندنی ماستەرەکەی لە ساڵێکدا تەواو کردووە و ''بە جۆش و خرۆشێکی زۆرەوە هاتمەوە هەرێمی کوردستان، بەڵام دووبارە تووشی ئاڵنگاری بوومەوە.''
ئەو هاونیشتمانییە یەکەم نیڤشکانە کە لە ماوەی 40 ساڵی رابردوودا لە کوردستان و عێراق لەڕێگەی چیڤنینگەوە چووبێتە بەریتانیا و ماستەری خوێندبێت.
بەختەوەر بەرزان گوتی: ''ویستوومانە روویەکی جیاوازتری خاوەن پێداوستیی تایبەت پێشانی کۆمەڵگە بدەین لە دەرەوە کە ئێمەش توانامان هەیە و تەنیا پێویستە دەرفەتمان بۆ بڕەخسێندرێت.''
ئەو هاونیشتمانییە گوتیشی، لە هەرێمی کوردستان و عێراق پاڵپشتییەکی ئەوتۆ لە کەسانی نیڤشکان ناکرێت کە بتوانن جیهانی دەرەوە ببینن یان لەسەر پێی خۆیان بوەستن، ''بەڵام ئەو ئاستەنگییانەی 24 ساڵ لە هەرێمی کوردستان بینیمن، لە بەریتانیا چارەسەر کرابوون''.
چیڤنینگ پرۆگرامێکی سکۆڵەرشیپی بەریتانیایە، ساڵانە پێشکێشی ئەو خوێندکارانەی دەکات کە ئارەزووی خوێندنی ماستەریان هەیە لە زانکۆکانی بەریتانیا. ئەو خوێندکارانەی لەوێ وەردەگیرێن، هاوکاریی دارایی دەکرێن، واتە پارەی خوێندن نادەن و مانگانەش بڕە پارەیەکیان پێدەدرێت.
لە زۆربەی وڵاتانی جیهان، هەر خوێندکارێک بڕوانامەی بەکالۆریۆس بەدەستبهێنێت، دەتوانێت داوای وەرگرتن پێشکێش بکات. مەرجەکانیش زانینی زمانی ئینگلیزییە و وەرگیرانیەتی لە زانکۆیەکی بەریتانیا بەبێ مەرج.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ