رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان دەڵێت، پڕۆژەکان رۆژانە توانای بەرهەمهێنانی 18 هەزار و 500 کارتۆن هێلکەیان هەیە، پێویستیی نێوخۆییش رۆژانە 7 هەزار و 200 کارتۆنە. ئەوەی دیکە هەناردەی شارەکانی عێراق دەکرا، بەڵام عێراق 50%ی ئەو هەناردەیەی کەمکردووەتەوە.
دووشەممە 30ـی کانوونی یەکەمی 2024، د. فیراس سدیق، بەڕێوەبەری سامانی ئاژەڵ لە وەزارەتی کشتوکاڵی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی راگەیاند: "ماوەی سێ رۆژە حکومەتی عێراق رەوانەکردنی هێلکەی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانی بۆ شارەکانی خواروو و نێوەڕاستی عێراق 50% کەمکردووەتەوە و بە خاوەن پڕۆژەکانیشیان گوتووە رەنگە لە داهاتوو بەتەواوی رایبگرین، ئەوەش کاریگەریی نەرێنیی لەسەر خاوەن پڕۆژەکان دەبێت".
بە گوتەی د. فیراس سدیق، پڕۆژەکانی عێراق تەنیا توانای پڕکردنەوەی 40٪ـی خواستی نێوخۆییان هەیە، 60٪ـی خواستەکە بە هێلکەی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستان و هێلکەی قاچاخی ئێرانیی پڕدەکرێتەوە، بۆیە دەڵێت, "بە کەمکردنەوەی بڕی رەوانەکردنی هێلکەی پڕۆژەکانی هەرێمی کوردستانیش بازاڕی هێلکەی ئێرانی خۆش دەبێت".
لە هەرێمی کوردستان 33 پڕۆژەی بەرهەمهێنانی هێلکە هەن کە رۆژانە 18 هەزار و 500 کارتۆن هێلکە بەرهەمدەهێنن، ساڵانە بەرهەم دەگاتە نزیکەی سێ ملیار هێلکە.
پڕۆژەکانی بەرهەمهێنانی هێلکە بەپێی پارێزگاکان:
- هەولێر: 15 پڕۆژە
- سلێمانی: 11 پڕۆژە
- دهۆک: 5 پڕۆژە
- گەرمیان: 2 پڕۆژە
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ