رووداو دیجیتاڵ
ئەندامێکی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند ساڵی داهاتووش، قەیرانی پارەی نەختینە لە عێراق بەردەوام دەبێت. دەشڵێت، ئەگەر نرخی نەوت بۆ 60 دۆلار دابەزێت عێراق توانای دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرەکانی نامێنێت.
د. جەمال کۆچەر، ئەندامی لیژنەی دارایی ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق لە بەرنامەی رووداوی ئەمڕۆ گوتی: "چەند هۆکارێک هەن کە عێراق تووشی قەیرانی نەختینە بووە، لەنێو ئەو هۆکارانەشدا بودجەی 3 ساڵی کاریگەرییەکی زۆر نەرێنی هەبووە و بەوپێیەی بودجەکە بۆ ساڵانی (2023 و 2024 و 2025) دانرابوو بە دڵنیایی ساڵی 2025یش قەیرانی نەختینە هەر بەردەوام دەبێت.
"دامەزراندن بە بڕیاری حیزبی"
بە گوتەی کۆچەر لەکاتێکدا لە عێراق بڕیاردرابوو کەس دانەمەزرێندرێت و یەکێک لە مەرجەکانی سندوقی دراوی نێودەوڵەتیش لەسەر عێراق راگرتنی دامەزراندن بوو، بەڵام بە بڕیاری حیزبی زیاتر لە 170 هەزار کەس دامەزرێندراون، "ئەوەش هۆکارێکی سەرەکی قەیرانە بۆ حکومەتی عێراق."
د. جەمال کۆچەر دەڵێت: "ناجێگیری بەهای دۆلار بەرامبەر دینار و کەمبوونەوەی داهاتی ناوخۆ و دابەزینی نرخی نەوت عێراقیان دووچاری مەترسی کردووە و ئەگەر نرخی بەرمیلێک نەوت بۆ 60 دۆلار داببەزێت ئەوا عێراق توانای دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرەکانی نامێنێت"
بە گوتەی جەمال کۆچەر، هۆکارێکی دیکە نەبوونی نەختینە "گەندەڵییە"، جەمال کۆچەر گوتی: "بە گشتی گەندەڵی لە عێراق گەیشتووەتە ئاستێک ساڵانە 15٪ تاوەکو 25٪ی کۆی گشتیی بودجە دەبرێت بۆ حیزبە سیاسییەکان." گوتیشی: ئێستا کە جیهان چاوەڕوانی دەستبەکاربوونی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی هەڵبژێردراوی ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا دەکات، پێشبینی دەکرێت ئەگەر هێرش و جووڵەی گرووپە میلیشیاکانی عێراق بەردەوام بێت ئەوا سزای ئابووری بەسەر دەوڵەت عێراق بسەپێندرێت، ئەوکات قەبارەی قەیرانەکە چەندین هێندەی ئێستا گەورەتر دەبیت.
دابەزینى نرخی نەوت و زیادبوونى زیاتر لە 8 تریلیۆن دینارى خەرجى بەکاربردن، کێشەى کەمبوونەوەى پارەى نەختینەى لە عێراق دروستکردووە، بەو هۆیەوە مووچەى هەندێک دامەزراوە نەدراوە، سەرەڕاى ئەوەى وەزارەتى دارایی دەڵێت، "کێشەى کەمی نەختینەمان نییە."
بەگوێرەى بەدواداچوونەکانى رووداو، جگە لە پەرلەمان، چەند فەرمانگەیەکى سەر بە وەزارەتەکانى پەروەردە و رۆشنبیریش مووچەیان وەرنەگرتووە.
هاوکات، رووداو زانیویەتی وەزارەتى دارایی فیدراڵ بەنیازە بۆ چارەسەرى ئەو کێشەیە، قەبارەى بودجەى 2025 کەم بکاتەوە و نزیک بێت لە تەواوى خەرجییەکانى ساڵى 2024، کە ئەگەر هەیە لە 211 تریلیۆنەوە بۆ 150 تریلیۆن دینار کەم بکرێتەوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ