دوو کەس بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی منداڵە 10 ساڵانەکەی کەرکووک دەستگیرکران
رووداو دیجیتاڵ
پۆلیسی کەرکووک رایگەیاند، دوو کەسی بە تۆمەتی ئەشکەنجەدانی منداڵە 10 ساڵانەکە دەستگیرکردووە.
ئەو منداڵە ئەمڕۆ لە نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک گیانی لەدەستدا.
بەپێی زانیارییە سەرەتاییەکان، منداڵەکە "لە لایەن مام و ئامۆژنییەوە بە دار، ئاسن و ئاگر ئەشکەنجە درابوو".
پۆلیسی کەرکووک دەڵێت، یەکێک لە تۆمەتبارەکان هەر لە نەخۆشخانە و یەکێکی دیکەیان دواتر دەستگیرکراوە. هەروەها ئاماژە بەوە دەکات، تەرمی منداڵەکە رەوانەی دادپزیشکی کراوە بۆ لێکۆڵینەوەی زیاتر و زانینی هۆکاری راستەقینە و سەرەکیی گیانلەدەستدانی.
نیسان غەسانی تەمەن 10 ساڵ، تەنیا 18 کاژێر لە نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک مایەوە و گیانی لەدەستدا، بە گوێرەی پشکنینەکان دەرکەوتووە کە ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە.
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، دوو مامی نیسان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون و فەرمانی گرتنیش بۆ ئامۆژنی دەرچووە. دەستەی مافی مرۆڤی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە پێکهێناوە.
نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک پشتڕاستی دەکاتەوە منداڵەکە ئەشکەنجەدراوە، بەڵام دڵنیا نین هۆکاری مردنەکەی ئەشکەنجە بووە یان "وشکبوونەوە"ـی لەشی، بڕیارە لە ماوەی چوار رۆژی داهاتوو راپۆرتی دادپزیشکی لەسەر هۆکاری مردن و وشکبوونەوەی لەشی منداڵەکە دەربچێت.
باوکی منداڵەکە لەسەر تاوانێک بڕیاری زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە. دایکیشی لە باوکی جیابووەتەوە و منداڵەکە لە لای مام و ئامۆژنی دەژیا.
تیمێکی فراوانی نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک دوای سێ جار لەکارکەوتنی دڵی نیسان غەسانی تەمەن 10 ساڵ، نەیانتوانی ژیانی رزگاربکەن و بەیانی ئەمڕۆ کاژێر 10:00 گیانی لەدەستدا.
بەرپرسیاری ئەمڕۆ دووشەممە، 30-12-2024، لەبارەی ئەم پرسە بوو. لە خوارەوە بیبینن: