رووداو دیجیتاڵ
نیسان غەسانی تەمەن 10 ساڵ، تەنیا 18 کاژێر لە نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک مایەوە و گیانی لەدەستدا، بە گوێرەی پشکنینەکان دەرکەوتووە کە ئەشکەنجەیەکی زۆر دراوە. دوو مامی نیسان لەسەر رووداوەکە دەستگیرکراون و فەرمانی گرتنیش بۆ مامۆژنی دەرچووە. دەستەی مافی مرۆڤی عێراق لیژنەیەکی لێکۆڵینەوەی بۆ رووداوەکە پێکهێناوە.
نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک پشتڕاستی دەکاتەوە منداڵەکە ئەشکەنجەدراوە، بەڵام دڵنیا نین هۆکاری مردنەکەی ئەشکەنجە بووە یان "وشکبوونەوە"ـی لەشی، بڕیارە لە ماوەی چوار رۆژی داهاتوو راپۆرتی دادپزیشکی لەسەر هۆکاری مردن و وشکبوونەوەی لەشی منداڵەکە دەربچێت.
باوکی منداڵەکە لەسەر تاوانێک بڕیاری زیندانی تاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە. دایکیشی لە باوکی جیابووەتەوە و منداڵەکە لەلای مام و مامۆژنی دەژیا.
تیمێکی فراوانی نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک دوای سێ جار لەکارکەوتنی دڵی نیسان غەسانی تەمەنی 10 ساڵ، نەیانتوانی ژیانی رزگاربکەن و بەیانی ئەمڕۆ کاژێر 10:00 گیانی لەدەستدا.
دکتۆر مەناع ئیبراهیم، جێگری بەڕێوەبەری نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک، لە بەرپرسیار، گوتی: "کاتێک مامی منداڵەکە هێنایە نەخۆشخانە دۆخی زۆر خراپ بوو، دڵ و جەستەی زۆر لاوازبوو، ئاسەواری ئەشکەنجە بەسەر جەستیەوە دیاربوو، بەڵام ناتوانین بڵێین بەهۆی ئەشکەنجەوە گیانی لەدەستدا، لە راپۆرتی پزیشکیدا دەردەکەوێ ئایا بەهۆی پێنەدانی خواردنەوە گیانی لەدەستداوە، یان بەهۆی ئەشکەنجەدانییەوە."
پەیامنێری رووداو لە کەرکووک بەدواداچوونی بۆ رووداوەکە کرد. موجیب عەبدوڵڵا، جێگری بەڕێوەبەری دەستەی مافی مرۆڤ لە کەرکووک بە هیوا حوسامەدینی گوت: "زانیاریمان پێگەیشت کە منداڵێکی تەمەن 10 ساڵ، لە نەخۆشخانەی کۆماری گیانی لەدەستداوە، تیمێکمان پێکهێنا و سەردانی ئێرەمان کرد تاوەکو بەدواداچوون بکەین بۆ ئەو کەیسە و لەگەڵ دادگا و پۆلیس قسە بکەین و بکەرانی ئەم کارە بەسزای خۆیان بگەیەنین."
سەرچاوەیەک لە پۆلیسی نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک بە رووداوی راگەیاند، "ئەو منداڵە لای مام و مامۆژنێکی دەژیا، دوێنێ مامی بردوویەتی بۆ نەخۆشخانەی کۆماریی کەرکووک. گوایە لەگەڵ کچەمامەکەی یاری کردووە و پاڵی ناوە و سەری ئازاری پێگەیشتووە."
بە گوتەی ئەو سەرچاوەیەی نەخۆشخانە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت، دوای ئەوەی پشکنین بۆ منداڵەکە کراوە، ئاسەواری ئەشکەنجە بە لەشییەوە دەرکەوتووە." منداڵەکە شوێنی هەستیاری سووتێندراوە، وەک گونی و کۆمی"، بۆیە پۆلیس "دەستبەجێ" مامەکەی دەستگیر کرد.
باوکی نیسان لە زیندانە و حوکمی تاهەتایی بەسەردا سەپێندراوە و دایکیشی جیابووەتەوە. ماوەی سێ ساڵە لە ماڵی مامی دەژی. بەگوتەی پۆلیسی کەرکووک و بەپێی لێکۆڵینەوەکان بێت، مام و ئامۆژنی، ئەشکەنجەیان داوە.
تیمێکی دەستەی مافی مرۆڤ لێکۆڵینەوە لەرووداوەکە دەکەن. زەمیا جبووری، بەڕێوەبەری دەستەی مافی مرۆڤ لە کەرکووک، لە بەرپرسیار، گوتی: "رووداوەکە کارەساتبارە و شۆکی کردووین. لیژنەیەکمان پێکهێنا بۆ لێکۆڵینەوە لە رووداوەکە. هەندێ شوێنەواری ئەشکەنجە بەسەر جەستەیەوە دیارە و کۆنن، دەردەکەوێ هەندێ زەبر و ئەشکەنجە بەر هەندێ شوێنی هەستیاریشی کەوتووە. لەشی وشکبووە و پێدەچوو هەفتەیەک بووبێ خواردنی پێنەدرابێ."
پڕۆژە یاسای تووندوتیژی خێزانی لە پەرلەمانی عێراقە و پەسند نەکراوە. چیمەن ئەحمەد، پارێزەر و چالاکڤانی بواری مافەکانی منداڵ، لە بەرپرسیار، گوتی: "بۆشایی یاساییمان هەیە و تائێستا پڕۆژەیاسای تووندوتیژیی خێزانی پەسند نەکراوە. رووداوەکە چەندین جۆر تاوان هەڵدەگرێ. رووداوەکە بەپێی مادەی 410 لە یاسای سزادانی عێراقی مامەڵەی لەگەڵ دەکرێ کە دۆخێکی تووندی هەیە و سزاکەی لە 15 ساڵ بەندکردن کەمتر نییە."
بەبێ ئامادەبوونی کەسوکاری، پۆلیس تەرمی نیسانی رەوانەی پزیشکی دادی کەرکووک کرد و بڕیاری دەستگیرکردن بۆ مامۆژنی دەرچووە.
دوو مامی منداڵەکە دەستگیرکران، یەکێکیان ئەوەیە کە بردوویەتی بۆ نەخۆشخانە، یەکێکی دیکەیان بۆ سۆراخی چووە و دوای دەستگیرکردنی، بە کەفالەت ئازاد کراوە و لێکۆڵینەوەی پۆلیس لەسەر رووداوەکە بەردەوامە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ