لە ورمێ دوو کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدا و 16 کەسیش بریندار بوون

 
رووداو دیجیتاڵ 

لە دوو رووداوی هاتووچۆدا لە پارێزگای ورمێی رۆژهەڵاتی کوردستان، دوو کەس گیانیان لەدەستدا و 16 کەسیش بریندار بوون.
 
ئێوارەی رۆژی هەینی، 29-12-2023، لەسەر رێگەی نێوان شاری ورمێ و ناوچەی سیلوانا و لە شوێنێک، کە بە کەفیی راژان-سیلوانا دەناسرێت، رووداوێکی هاتووچۆ لە نێوان دوو ئۆتۆمبێل لە جۆری پراید و پاترۆلدا روویدا.
 
فەرزین رەزازادە، بەرپرسی فریاکەوتنی زانکۆی پزیشکیی ورمێ رایگەیاند، بە هۆی رووداوەکە دوو کەس گیانیان لەدەستداوە و 8 کەسی دیکەش بریندار بوون.
 
فەرزین رەزازادە گوتی، دوای ئاگاداربوونیان لە رووداوەکە، تیمەکانی فریاکەوتن بریندارانی رووداوەکەیان بە ئەمبۆلانس بۆ نەخۆشخانەکانی شاری ورمێ گواستەوە.
 
بەرپرسی فریاکەوتنی زانکۆی پزیشکیی ورمێ هەروەها رایگەیاند، ئێوارەی هەمان رۆژ لە رووداوێکی دیکەی هاتووچۆدا لەسەر رێگەی سەرەکیی نێوان شارەکانی سەلماس - ورمێ و لە نزیک گوندی ئیمام کەندی، هەشت کەس بریندار بوون.
 
ساڵانە ژمارەیەکی زۆری خەڵک بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە رۆژهەڵاتی کوردستان و ئێران گیانیان لەدەستدەدەن.
 
رەحیم جەهانبەخش، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ رۆژی 20-11-2023 رایگەیاندبوو، بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ لە هەشت مانگی ئەم ساڵدا 480 کەس لە سنووری ئەو پارێزگایە گیانیان لەدەستداوە، کە بەراورد بە هەمان ماوە لە ساڵی رابردوودا ژمارەکە زیادی کردووە.
 
بە گوتەی بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای ورمێ، پار لە سنووری ئەو پارێزگایە 587 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆ گیانیان لەدەستدابوو. 
 
هەروەها حوجەت موشتاق، بەڕێوەبەری پۆلیسی هاتووچۆی پارێزگای ورمێش هەمان رۆژ رایگەیاندبوو، ئەم ساڵ 90 کەس بەهۆی رووداوەکانی هاتووچۆی نێو شارەکانی ئەو پارێزگایەدا گیانیان لەدەستداوە و 5 هەزار و 139 کەسیش بریندار بوون، کە بەراورد بە ساڵی رابردوو  50٪ زیادی کردووە.
 
لە لایەکی دیکەوە، کەمال هادیانفەر، بەڕێوەبەری گشتیی پۆلیسی هاتووچۆی ئێران رۆژی 26-11-2023، لە لێدوانێکدا بۆ میدیای فەرمیی وڵاتەکەی رایگەیاندبوو، لە سەرەتای نەورۆزی ئەم ساڵەوە تائێستا زیاتر لە 12 هەزار کەس بە رووداوی هاتووچۆ گیانیان لەدەستداوە و 300 هەزار کەسیش بریندار بوون، کە ژمارەی قوربانیان بەراورد بە ساڵی رابردوو 7.3٪ زیادی کردووە.
 
کەمال هادیانفەر لە 30-7-2023شدا گوتبووی، رۆژانە لە نێوان 50 بۆ 60 کەس لە ئێران بە رووداوی هاتووچۆ گیان لەدەستدەدەن و هۆکاری سەرەکیی رووداوەکانیش بە پلە یەک "نەبوونی مەرجی سەلامەتیی ئۆتۆمبێلەکانە."