رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی بەرهەمهێنانی تراکتۆری کوردستان لە پارێزگای سنەی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، لە 9 مانگی ئەم ساڵدا 3900 تراکتۆریان بەرهەمهێناوە و لەو ژمارەیەش 1200 تراکتۆریان هەناردە کردووە کە زیاترین هەناردەیان بۆ عێراق و ئەفغانستان بووە.
رەسووڵ حوسێن پوور، بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی بەرهەمهێنانی تراکتۆری کوردستان لە پارێزگای سنە رایگەیاند، ئەم ساڵ بەرهەمی کارگەی تراکتۆری کوردستان زیادی کردووە و لە 9 مانگی رابردوودا 3 هەزار و 900 تراکتۆر لە کارگەکەدا دروستکراون، کە دەکاتە 21 تراکتۆر لە رۆژێکدا.
رەسووڵ حوسێن پوور گوتی، ساڵی رابردوو 4 هەزار و 800 تراکتۆر لەو کارگەیەدا بەرهەمهێنران، کە بەروارد بە 10 ساڵی رابردوو ریکۆردێکی نوێی تۆمار کردووە.
بە گوتەی حوسێن پوور، ئەم ساڵ لە ماوەی 9 مانگدا کارگەی تراکتۆری کوردستان هەزار و 200 تراکتۆری هەناردەی عێراق، ئەفغانستان، قەتەر، کوێت، عومان، سووریا و تورکیا و چەندین وڵاتی دیکە کردووە و چاوەروان دەکرێت تاوەکو کۆتایی ساڵ ژمارەکە بەرز ببێتەوە.
بەڕێوەبەری گشتیی کارگەی بەرهەمهێنان تراکتۆری کوردستان هەروەها دەڵێت، 97٪ی پارچەکانی تراکتۆرەکانیان لە ناوخۆی ئێران دروست دەکرێن و لە رووی دابینکردنی پارچەکانی یەدەگی تراکتۆر، پێویسیتیان بە هیچ وڵاتێکی دیکە نییە.
رەسووڵ حوسێن پوور ئاماژەی بەوەشکرد کە ئێستا لە کارگەی بەرهەمهێنان تراکتۆردا لە شاری سنە، دوو مۆدێلی تراکتۆر بەرهەمدەهێنرێن و دەرفەتی کار بۆ 120 کەس لەخەڵکی ناوچەکە رەخساوە.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ