وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە: وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون درێژدەکرێتەوە

رووداو دیجیتاڵ 

وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، وەکو رەخساندنی هەلی زیاتر و ئاسانکاریی بۆ هاووڵاتییان وادەی پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون درێژدەکرێتەوە.
 
رۆژی شەممە 30-12-2023 وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە راگەیێندراوێکدا گوتی، لەسەر راسپاردەی دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە وەکو دەرفەتێک و بۆ رەخساندنی هەلی زیاتر بۆ هاووڵاتییان، پڕکردنەوەی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ خێزانە کەمدەرامەتەکان بۆ ماوەی مانگێکی دیکە درێژ دەکرێتەوە.
 
بە گوێرەی راگەیێندراوەکەی وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە، فۆڕم پڕکردنەوە تاوەکو 01-02-2024 بەردەوام دەبێت و دەشڵێت، "ئەمە وەک هەلی زیاترە و کارئاسانییە بۆ ئەو کەسانەی تاوەکو ئێستا بەهەر هۆکارێک بێت دەرفەتیان لەبەردەستدا نەبووە فۆڕمەکە پڕبکەنەوە."
 
ژمارەی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوون کە بۆ کەمدەرامەتەکان دروست دەکرێن، 9004 شووقەن؛ 1356ـیان لە هەولێرن؛ لە سلێمانی 3876؛ لە دهۆک 2116؛ هەڵەبجە 192؛ ئیدارەکانی گەرمیان 360؛ راپەرین 420؛ زاخۆ 324 و سۆران 360 یەکە. بەشێکیان 95%ـی کارەکانیان تەواو بووە و هەشیانە 80% و کەمتری تەواو بووە، تاوەکو دەگاتە 13٪، تەواوکردنی کاری سەرجەم شووقەکان پێویستی بە 267 ملیار دینارە. 
 
رۆژی 8ـی ئابی 2023، دانا عەبدولکەریم، وەزیری ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردنی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەڤانیدا پڕکردنەوەی فۆڕمی ئەو یەکانەی نیشتەجێبوونی راگەیاند و گوتی، "پێگەی ئەلیکترۆنی تایبەت بە پێشکێشکردنی فۆڕمی یەکەی نیشتەجێبوون کە بەپێی یاسای ژمارە 16ـی ساڵی 2012ـی یاسای نیشتەجێبوون تایبەت بە یەکەکانی نیشتەجێبوون بۆ خەڵکی کەمدەرامەت لە هەرێمی کوردستان دەرکراوە، ئەمڕۆ کارا دەکرێت و ئەو هاووڵاتییانەی خۆیان بە شایستە دەزانن، دەتوانن فۆڕم پڕبکەنەوە."