دژەتیرۆری کوردستان: دەنگەکەی هەولێر بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێکەوە بووە

رووداو دیجیتاڵ 

لەبارەی دەنگە گەورەکەی هەولێرەوە، دژەتیرۆری کوردستان دەڵێت، دەنگەکەی ئەمشەوی گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە هەولێر بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێک بووە، هیچ هێرشێکی درۆنی نەکراوەتەسەر هەولێر.
 
کاژێر 07:30 خولەک بە کاتی هەولێر دەنگێکی گەورە لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە رۆژهەڵاتی هەولێر بیسترا، بەهۆی دەنگەکەوە شوشەی چەند دووکانێک لە ناوچەکە شکابوون و زیانیان پێگەیشتبوون و جامی ئۆتۆمبێلی چەند هاونیشتمانییەک شکابوون.
 
بەپێی زانیارییەکانی رووداو، درۆنێک لە باکووری ئاسمانی هەولێر لەلایەن سیستمی بەرگرییەوە پێکرابوو، دواتر لە رۆژهەڵاتی هەولێر لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ کەوتەخوارەوە، هیچ زیانێکی گیانی نەبووە تەنیا چەند دووکان و ئۆتۆمبێلێک زیانیان پێگەیشت. 
 
شەوی شەممە، 30-12-2023، دژەتیرۆری کوردستان لەبارەی رووداوەکەوە راگەیێندراوێکی بڵاوکردەوە و دەڵێت، دەنگی تەقینەوەیەک لە گەڕەکی قەڵاتی نوێ لە شاری هەولێر بیسترا، دەنگەکە بەهۆی تەقینەوەی نارنجۆکێکەوە بوو، دەزگە ئەمنییەکان سەرقاڵی لێکۆڵینەوەن لە رووداوەکە. 
 
دژەتیرۆری کوردستان ئاماژەی بەوەکردووە، ئەو هەواڵانەی باس درۆنی بۆمبڕێژکراو و هێرشکردنە سەر هەولێر دەکەن بێ بنەما و ناڕاستن، هێرش نەکراوەتەسەر شارەکە. 
 
لە راگەیێندراوەکەدا دژەتیرۆری کوردستان داوا لە کەناڵەکانی راگەیاندن دەکات کە پابەندی بنەماکانی راگەیاندن بن و "راستگۆیانە هەواڵ و زانیارییەکان بگوازنەوە" و بەرپرسانە مامەڵە لەگەڵ هەر جۆرە رووداوێکدا بکەن و نەبنە هۆکاری "دڵەڕاوکێی هاووڵاتییان."
 
لە کاتی رووداوەکەدا شایەتحاڵێک باسی ساتی بیستنی دەنگەکەی بۆ رووداو کرد و گوتی، لەناکاو گوێیان لە دەنگێکی گەورە بووە، لەدوای ئەوەی شووشەکانی شکاند "چاوەڕێ بووین ساچمە و پارچە بێنەخوارەوە، بەڵام تەنیا دەنگ بوو، بەهۆیەوە پاسێک کە لە گۆڕەپانی مزگەوتەکە بوو، چوار جامی شکاوە."