لە حەوت شاری لوڕستان کێشەی کەمئاوی هەیە؛ 'دۆخێکمان دەبێت، هاوشێوەی نەبووە'
رووداو دیجیتاڵ
بەرپرسێکی ئاو و ئاوەڕۆی پارێزگای لوڕستانی رۆژهەڵاتی کوردستان رایگەیاند، ئەمساڵ دۆخی بارین لەو پارێزگایە زۆر خراپە و حەوت شاری پارێزگاکە، رووبەڕووی کێشەی گەورەی کەمئاوی دەبن.
یاسر ئەکبەریان، بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی لوڕستان ئەمڕۆ (شەممە، 30-12-2023) گوتی بەپێی ئامارەکانی رێکخراوی کەشناسی، رێژەی بارین لە پارێزگاکەیان بەراورد بە ساڵانی رابردوو بەڕێژەی 63٪ کەمیکردووە، لەو رووەوە ئەو پارێزگایە لە سەر ئاستی ئێران بە پلەی سێیەم دێت.
بە گوتەی یاسر ئەکبەریان، لە حەوت شاری ئەو پارێزگایە کێشەی گەورەی کەمئاوی هەیە، کە لە داهاتوودا تووشی کێشەی گەورەتریش دەبن، ئەو شارانەش پێکدێن لە: خۆڕەمئاوا، بروجێرد، ئەلیگودەرز، دووروود، ئەزنا، پۆلدوختەر و کۆیەشت.
یاسر ئەکبەریان گوتی، "ئێستا لەو حەوت شارە دۆخێکی تایبەت هەیە و پێویستە بە وردی چاودێریی سەرچاوە ئاوییەکانیان بکرێت."
بەڕێوەبەری ئاو و ئاوەڕۆی لوڕستان دەڵێت، "ئەگەر بارودۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، لە ساڵی 2024 دۆخێکمان دەبێت، کە هاوشێوەی نەبووە، بۆیە پێویستە لە ئێستاوە بۆ پرسی ئاو و چۆنیەتی بەکارهێنانی سەرچاوە ئاوییەکانمان، پلانێکی تایبەتمان هەبێت."
ئاماژەی بەوەشدا، ئەم ساڵ رێژەی بارانبارین بەپێی پێویست نەبووە، بۆیە بۆ هاوینی داهاتوو لە ئاستی پارێزگا، هەروەها لە ئاستی ئێرانیش، "دەبێت سوود لە هەموو تواناکان وەربگرین تاوەکو بەسەر کێشەی کەمئاویدا زاڵ بین."
رۆژی 24ـی کانوونی یەکەمی 2023، داریوش حەسەن نەژاد، بەڕێوەبەری گشتیی بەڕێوەبەرایەتیی ئاوی لوڕستان رایگەیاندبوو، رێژەی 71٪ـی کۆگەی بەنداوەکانی ئەو پارێزگایە بەتاڵن و لە هەموو بەنداوەکانی پارێزگەکەدا تەنیا بڕی 51.76 ملیۆن مەتری سێجا ئاو هەیە، ئەمە لەکاتێکدایە، شەش بەنداوی پارێزگەکە دەتوانن زیاتر لە 208 ملیۆن مەترسێجا ئاو کۆبکەنەوە.
لەلایەکی دیکەوە هاشم ئەمینی، بەڕێوەبەری دامەزراوەی ئەندازیاریی ئاو و ئاوەڕۆی ئێران، ئەمڕۆ گوتی "بارانبارینی پاییزی ئەم ساڵ بەراورد بە ساڵی پار 6٪ کەمتر بووە و ئێستا پلان بۆ ئەوە دادەنێین، لانیکەم ئاوی خواردنەوەی خەڵک دابین بکەین."
بەگوتەی هاشم ئەمینی، ئێستا 275 شاری ئێران کێشەی ئاوی خواردنەوەیان هەیە، کەچی 16٪ـی ئاو بەهۆی کۆنبوونی بۆڕییەکانی ئاو و هۆکارەکانی دیکە، بەفیڕۆدەچێت.
ئەمینی دەڵێت "لە ئێران چوار هێندەی ئاستی مامناوەندیی جیهانی، ئاو بەفیڕۆدەچێت."
رێکخراوی کەشناسیی ئێران بۆ پاییزی ئەم ساڵ پێشبینی کردبوو باران زۆر ببارێت و رێژەی بارینەکان لانیکەم لە ئاستی سرووشتیدا بن، بەڵام پێشبنییەکان راست دەرنەچوون. ئەمینی دەڵێت، "بە درێژایی 50 ساڵی رابردوو لە ئێران هیچ ساڵێک هێندەی ئەمساڵ وشک و بێ باران نەبووە."