نرخی بلیتی کلینیکە راوێژکارییەکانی ئێواران بەرزبووەتەوە

30-12-2023
نزار جەزا
گرانبوونی نرخی بلیت لە کلینیکە حکومییەکان
گرانبوونی نرخی بلیت لە کلینیکە حکومییەکان
نیشانەکردن ئیسپانیا
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ

نرخی بلیت لە کلینیکە راوێژکارییەکانی ئێواران کە حکومین، زیادبووە، بەجۆرێک لە سێ هەزار دینارەوە بووەتە چوار هەزار دینار، ئەم بڕیارەش بووەتە هۆی بارگرانی بۆ هاونیشتمانییان و گللەییان لەبارەیەوە هەیە.
 
سەمیعە خۆی کابانی ماڵە و هاوژینەکەشی شۆفێری تاکسییە، ئەو لەبارەی نرخی چارەسەری دەڵێ "نرخەکان بەرزن، ئەگەر ناچار نەبم ناچمە نەخۆشخانە."
 
ئەڵماس سەعید، کابانی ماڵە و باسی ئەوە دەکات "مانگی جارێک دەبێت بۆ نەخۆشخانە بێم، لێرەش پێیان گوتووم دەبێت بچێتە لای پزیشکی باشتر، بەڵام ناتوانم، کام نەخۆشخانەیە هەرزانە دەچم بۆ ئەوێ."
 
لەئەنجامی بەرزبوونەوەی نرخی بلیت، بۆ هەر کارمەندێکی ئەو کلینیکانە مانگانە 50 بۆ 75 هەزار دینار لە مووچەکەیان زیادکراوە، هاوکات لە هەر بلیتێک، سێ هەزار و 500 دینار بۆ پزیشکی کلینیکەکان خەرج دەکرێت.
 
ئێستا نرخی بلیتەکان هاوتای هەندێک نەخۆشخانەی تایبەتن. رووداو لەگەڵ چەند هاونیشتمانییەک لەبارەی زیادبوونی نرخی بلیت قسەی کردووە، ئەمەش وەڵامەکانیان:
 
ژووان حوسێن، کابانی ماڵ دەڵێ "هاوژینەکەم مووچەخۆرە، سێ مانگ مووچەی وەرنەگرتووە، ئەگەر کەسێک کرێچیبێت ناتوانێت کرێ بدات، ناتوانێت بژی، ئەمەش دۆخی نەخۆشخانە حکومییەکانمانە، هیچ خزمەتگوزارییەکیان نییە."
 
پەخشان محەممەد، بەهەمان شێوە کابانی ماڵە و باسی ئەوە دەکات "مانگ و نیوێکە شانم ئازاری هەیە، بە 10 هەزار  دینار ئەشیعەم گرتووە، بلیتەکە بە چوار هەزار دینار، دەرمانەکانیشم بە نزیکەی 50 هەزار دینارە، ئەمەش زۆرە، بەڵام ئەگەر نەخۆش بین ناچارین بێین."
 
دنیا تاڵیب، فەرمانبەرە و دەپرسێت "ئەی حکومەت واتە چی؟ دەبێت هاوکاری خەڵکی هەژار بکەن، چوار هەزار دینار (بۆ بلیتی کلینیکی ئێوارە) زۆرە."
 
هاونیشتمانییەکی دیکە بەناوی بەناز عەلی، کە کابانی ماڵە باسی ئەوەی کرد "هەموو شتێک گران بووە، پێداویستی رۆژانە و نەخۆشخانە و دەرمان و هەموو شتێک، بۆیە ئەگەر بەگشتی نرخەکان داببەزێنرێن، بۆ هاونیشتمانییان زۆر باش دەبێت.|
 
بڕیارەکە هەموو کلینیکە راوێژکارییەکانی ئێوارانی لەسەر ئاستی هەرێمی کوردستان گرتووەتەوە.

 

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە