رووداو دیجیتاڵ
بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران رایدەگەیێنێت، ئەم ساڵ بە بەهای زیاتر لە 25 ملیار دینار نزیکەی 148 پرۆژەی خزمەتگوزارییان لە سنووری ئیدارەی سۆران جێبەجێکردووە. دەشڵێت، "نزیکەی 200 مۆڵەتی دروستکردنی خانوو دراوەتە هاونیشتمانییان لەسەر زەویی سندووقی."
خەسرەو ئیسماعیل، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران، لەکاتی بەشداریکردنی لە بەرنامەی مژاری رادیۆی رووداو کە، محەممەد رەحیم پێشکێشی دەکات رایگەیاند، "ئەم ساڵ 148 پرۆژەی خزمەتگوزاری جێبەجێکراون کە 78 پرۆژەی گەورە و مامناوەند لەگەڵ 70 پرۆژەی بچووک لە سنووری شارەوانییەکانی سۆران و قەزا و ناحییەکان جێبەجێکراون لەسەر بودجەی ئیدارەی سۆران و وەزارەتی شارەوانی بوون."
لەبارەی گوژمەی ئەو پرۆژانەی لە سنووری ئیدارەی سۆران جێبەجێکراون، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران گوتی، "سەرەڕای قەیرانی دارایی و نەبوونی بودجە و نەختینە، توانراوە بڕە پارەیەکی باش خەرجبکرێت کە 25 ملیار و 17 ملیۆن دینار بوون."
لەبارەی جێبەجێکردنی پڕۆژەکان لە سێکتەرە جیاوازەکاندا ئاماژەی بەوەشکرد، "لە سنووری ئیدارەی سۆران 23 شارەوانی هەن لە قەزا و ناحییەکانی سنوورەکەدا و ئەو پرۆژانەشی کە جێبەجێیان کردوون لە سنووری ئەو شارەوانییانەدا بوون، زۆرینەی پرۆژەکانیان لە سێکتەرەکانی رێگە و قیرتاوکردن و کۆنکرێتکردنی شەقام و کۆڵانەکان بووە."
لەبارەی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک و دامەزراندنی کارگەی ریسایکڵین لە سنووری ئیدارەی سۆران، خەسرەو ئیسماعیل دەڵێت، "ئێستا گرفتی کۆکردنەوەی زبڵ و خاشاک لە سنووری سۆران کۆتایی هاتووە، بەڵام گرفتی ئێمە چارەسەرکردن و لەناوبردنی ئەو زبڵەیە و لە مانگی 11ـی ئەم ساڵ رێگەی کارگەی ریساکیڵین لەسەر بودجەی وەزارەتی شارەوانی چووە واری جێبەجێکردن، لە هەوڵداین تاوەکو مانگی نیسان رێگەکە تەواو بکرێت، پاشان کارگەکە دابمەزرێت."
گوتیشی، "رۆژانە نزیکەی 250 بۆ 300 تۆن زبڵ و خاشاک لە سنووری سۆران کۆدەکرێتەوە."
لەبارەی مۆڵەتدان بە هاونیشتمانییان بۆ دروستکردنی خانوو لەسەر زەوی سندووقی، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران گوتی،" تائێستا نزیکەی 150 هاونیشتمانی لە ناوەندی قەزای سۆران مۆڵەتیان پێدراوە و لە قەزای رواندزیش نزیکەی 40 هاونیشتمانی مۆڵەتیان پێدراوە."
ئەو بەرپرسەی شارەوانییەکانی سۆران باسی لەوەشکرد، "ئێستا دوو پرۆژەی گەورەی دروستکردنی پارکی گشتیی لەبەردەستدایە لەسەر رووبەری 300 دۆنم و 200 دۆنم لە کاولۆکان و سەنتەری سۆران، هەروەها لەهەوڵداین لەساڵی داهاتوودا ئەو شارەوانییانەی نەخشەی کەرتییان نییە بۆیان دابنرێت و بە گوێرەی پێویستی شارەوانییەکان پرۆژەکان جێبەجێ بکەین."
لەبارەی دابینکردنی زەوی بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کرێنیشینان و کەمدەرامەتان بە قیستی درێژخایەن، بەڕێوەبەری گشتیی شارەوانییەکانی سۆران گوتی، "زەوی پێویست بۆ دروستکردنی شووقە بۆ کرێنیشینان تەرخانکراوە و ئامادەیە بۆ هەر وەبەرهێنەرێک بیەوێت پرۆژەکە جێبەجێ بکات."
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ