رووداو دیجیتاڵ
لە فڕۆکەخانەی ئامەدی باکووری کوردستان، فڕۆکەیەکی تایبەت دوای نیشتنەوەی، لە رێڕەوی خۆی دەردەچێت و دەکەوێتە نێو چاڵێک. بەهۆی ئەم رووداوە، فڕۆکەخانەی ئامەد داخرا.
پاشنیوەڕۆی ئەمڕۆ شەممە، 30ـی کانوونی یەکەمی 2023، فڕۆکەیەکی تایبەت لە جۆری Cessna 560XL Citation XLS لە فڕۆکەخانەی ئەتاتورک لە ئیستەنبووڵەوە بەڕێکەوتبوو و لە فڕۆکەخانەی ئامەد نیشتەوە، بەڵام بە هۆکارێکی نادیار، کۆنترۆڵی لەدەستدا و لە رێڕەوی خۆی لەسەر فڕگەکەدا دەرچوو و کەوتە نێو چاڵێکی نزیکی فڕگەکەوە.
دەستەی کارگێڕیی فڕۆکەخانەی ئامەد بەپەلە فڕۆکەخانەکەی داخست و لە رێگەی بەڕێوەبەرایەتی گشتیی کاروباری فڕۆکەخانەکانی دەوڵەت سەر بە وەزارەتی گواستنەوە و ژێرخانی تورکیا گەشتە ئاسمانییەکانی بەشێوەیەکی کاتی راگرت.
بەگوێرەی زانیارییەکان، گیانلەدەستدان و برینداربوون لەنێو فڕۆکەوان و سەرنشینەکان نەبووە و تەنیا باڵێکی فڕۆکەکە تێکشکا و زیانی مادی بە بەشێکی فڕۆکەکە کەوت.
دەستبەجێ دوای رووداوەکە، تیمی ئاگرکوژێنەوەی فڕۆکەخانەکە گەیشتنە شوێنی رووداوەکە و ئەو ئاگرەیان کوژاندەوە کە لە باڵی چەپی فڕۆکەکەدا سەریهەڵدابوو.
لێکۆڵینەوە لەبارەی هۆکاری رووداوەکە دەکرێت.
کۆمێنتەکان
وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و ههموو خزمەتگوزارییەکان بهكاربێنه
کۆمێنتێک دابنێ