تورکیا و پەکەکە ئاماری یەک ساڵی شەڕ بڵاودەکەنەوە

30-12-2023
هێمن عەساف
A+ A-
رووداو دیجیتاڵ
 
ناوەندی چاپەمەنیی و راگەیاندنی هێزەکانی پاراستنی گەل-هەپەگە، ئاماری شەڕ و پێکدادانەکانیان لە دژی هێزەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان لە ماوەی ساڵی 2023دا بڵاوکردەوە و رایگەیاند، 928 سەربازیان کوشتووە و 179 گەریلاش گیانیان لەدەستداوە. بەپێی ئاماری وەزارەتی بەرگریی تورکیاش ئەم ساڵ زیاتر لە 700 گەریلا گیانیان لەدەستداوە. 
 
بەگوێرەی ئامارەکەی هەپەگە؛ ئەم ساڵ هێزەکانی سوپای تورکیا 1580 جار بە فڕۆکەی شەڕکەر، 342 جار بە درۆن، پێگەکانی پەکەکەیان بۆردوومان کردووە. پەکەکە دەڵێت، "تورکیا 1038 جار چەکی کیمیایی و نۆ جار بۆمبی قەدەخەکراوی بەکارهێناوە". بەو هۆیەوە 179 گەریلا گیانیان لەدەستداوە و دوو گەریلاش بە دیل گیراون.
 
لە بەشێکی دیکەی ئامارەکەی هەپەگەدا هاتووە؛ گەریلا لەماوەی ئەمساڵدا 1712 جار هێرشی کردووەتە سەر هێزەکانی سوپای تورکیا لە خاکی هەرێمی کوردستان. لە ئەنجامی ئەم هێرشانەدا 919 سەرباز، 7 ئەفسەری پلەدار و دوو گوندپارێز کوژران و 128 سەربازیش بریندار بوون.
 
رۆژی 28ـی کانوونی یەکەمی 2023، لیوا زەکی ئاکتورک، گوتەبێژی فەرمانگەی پەیوەندییەکان و راگەیاندنی وەزارەتی بەرگریی تورکیا، لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا رایگەیاند، لە تۆڵەی کوژرانی 12 سەربازەکەیاندا، لە ماوەی هەفتەی رابردوودا 81 گەریلا و شەڕڤانیان کردووەتە ئامانج و ئاشکرایکرد تەنیا لە هەرێمی کوردستاندا 59 گەریلا کراونەتە ئامانج.
 
لیوا زەکی ئاکتورک باسی لەوەکردبوو، لە سەرەتای ساڵەوە تاوەکو 28ی ئەم مانگە 706 گەریلا گیانیان لەدەستداوە. هەروەها دەستبەسەر 2,934 دانە چەکی جۆراوجۆر گیراوە. هەروەها 4,999 مین و بۆمب پووچەڵ کراونەتەوە و 2472 ئەشکەوت و حەشارگە پاککراونەتەوە.
 
ئەم شەڕ و پێکدادانە لە چوارچێوەی ئۆپەراسیۆنێکدایە تورکیا ناوی ناوە چنگ- قوفڵ کە بەرەبەیانی رۆژی 18ـی نیسانی 2022 لە ناوچەکانی ئاڤاشین، مەتین و زاپ لە خاکی هەرێمی کوردستان بۆ سەر پێگەکانی پەکەکە دەستیپێکردووە. بە گوتەی لیوا زەکی ئاکتورک لە سەرەتای ئۆپەراسیۆنەکەوە تاوەکو ئێستا 1655 گەریلا گیانیان لەدەستداوە.

 

 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە