یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کریستیانە کرێنشینەکانی عەنکاوە دروست دەکرێت

30-12-2022
سۆران حوسێن
A+ A-

رووداو دیجیتاڵ

دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان دەڵێت، یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کریستیانە کرێنشینەکانی عەنکاوە بە قیستی درێژخایەن دروست دەکرێت و یەکەکانیش لە چوارچێوەی ئەو 20 هەزار یەکەیەدا نین کە بڕیارە بۆ کەمدەرامەتان و کرێنشینانی هەرێمی کوردستان دروستبکرێن.
 
رۆژی هەینی، 30-12-2022، بەرگەشت ئاکرەیی، بەڕێوەبەری راگەیاندنی دەستەی وەبەرهێنانی هەرێمی کوردستان بە تۆڕی میدیایی رووداوی گوت: "بەرنامەی سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستانە بۆ دروستکردنی یەکەی نیشتەجێبوونی شایستە بۆ کرێنشینان، بە ئامانجی هاوکاریکردنی هاووڵاتییان بۆ ئەوەی ببنە خاوەنی یەکەی نیشتەجێبوونی خۆیان".
 
بڕیارە یەکەی نیشتەجێبوون بۆ کریستیانە کرێنشینەکانی قەزای عەنکاوە بە سێ رووبەر دروستبکرێن: 80 مەتری، 100 مەتری و 120 مەتری. بەرگەشت ئاکرەیی گوتی: "بۆ 80 مەتری 4 هەزار دۆلار، بۆ 100 مەتری 5 هەزار دۆلار و بۆ 120 مەتری 6 هەزار دۆلاری پێشەکی وەردەگیرێت و ئەوەی مایەوە دەکرێتە قیست و بۆ ماوەی 15 ساڵ وەردەگیرێتەوە".
 
ئەو یەکانەی بۆ کریستیانەکان دروستدەکرێن ژمارەیان لەنێوان 700 بۆ هەزار یەکەی نیشتەجێبوون دەبێت. بەرگەشت ئاکرەیی گوتی: "ئەوەی بۆ کریستیانەکان دروستدەکرێت پەیوەندی بە دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کرێنشینان و کەمدەرامەتانی هەرێمی کوردستانەوە نییە. ئەم پڕۆژەیەش سەرۆکوەزیران چاودێری دەکات و سەرۆکی دەستەی وەبەرهێنانی راسپاردووە بە بایەخەوە چاودێریی دروستکردنی یەکەکان بکات".
 
رۆژی 31-5-2022، مەسرور بارزانی، سەرۆکوەزیرانی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتیی کۆبوونەوەیەکی تایبەت بە بەدواداچوون و رێکارەکانی جێبەجێکردن و دروستکردنی 20 هەزار یەکەی نیشتەجێبوونی کرد و لایەنە پەیوەندیدارەکانی راسپارد لە زووترین کاتدا دەست بە رێکارەکانی دروستکردنی ئەو یەکانە بکرێت. 
 
سەبارەت بە کاتی دەستپێکردنی 20 هەزار یەکەکە، بەرگەشت ئاکرەیی گوتی، لە زاخۆ، هەولێر، سلێمانی، سۆران و شوێنەکانی دیکە شوێن دیاریکراوە و "دوای ساڵی نوێ قۆناخی باش دەبڕن و لە هەولێریش بەردی بناخە دادەنرێت".
 
بۆ وەرگرتنی ئەو یەکە نیشتەجێبووانەی هەرێمی کوردستان زیاتر لە 119 هەزار و 500 هاونیشتمانی لە رێگەی ئۆنلاینەوە فۆرمی وەرگرتنیان پڕکردووەتەوە.
 

کۆمێنتەکان

وەک میوان کۆمێنتێك بنووسە یان وەرە ژوورەوە و هه‌موو خزمەتگوزارییەکان به‌كاربێنه‌

کۆمێنتێک دابنێ

داواکراوە
داواکراوە