گالەری

30-12-2022
13 Photos
مەهدی فەرەج
مەهدی فەرەج

رووداو دیجیتاڵ

گرووپێکی شەش کەسیی "دەنگ و رەنگی کوردستان" چوونە سەر چیای هەڵگورد لە سنووری باڵەکایەتی. بە گوتەی یەکێک لە ئەندامانی گرووپەکە، گەشتەکەیان "مەترسیدار" بووە و شەوان پلەی گەرما لەسەر چیاکە بۆ 20 پلەی ژێر سفری سیلیزی دادەبەزێت.
 
مەهدی فەرەج، ئەندامی گرووپی "دەنگ و رەنگی کوردستان" دەڵێت، گەشتەکەیان رۆژی پێنجشەممە، 29-12-2022، بوو و، شەش کەس بە مەبەستی گەیشتن بە لووتکەی چیاکە، چوونە چیای هەڵگورد، بەڵام تەنیا سێ کەس توانییان بگەنە لووتکەی چیاکە و ئەندامی دیکەی گرووپەکە نەیانتوانی بگەنە لووتکەکە.
 
بەراورد بە پار، ئەمساڵ تاوەکو ئەم کاتە بەفر کەمتر لە چیای هەڵگورد باریوە. مەهدی فەرەج دەڵێت، بەڵام شەوان کەشێکی سارد چیاکە دادەپۆشێت و ئەو شەوەی ئەوان لەوێ مانەوە، پلەی گەرما بۆ 20 پلەی ژێر سفری سیلیزی دابەزی و زۆرینەی کەلوپەل و ئەو پێداویستییانەی کە لەگەڵ خۆیشیان بردبوویان، هەمووی بەستبووی.
 
گرووپە شاخەوانییەکە کاژێر 05:00ـی بەیانی بەڕێکەوتوون بۆ لووتکەی چیاکە، بەڵام وەک مەهدی فەرەج دەڵێت، رێگەیان لێ ونبووە و بەوهۆیەوە لە کێڵگەیەکی مین نزیک بوونەوە، ناچار بوون بووەستن تاوەکو دونیا رووناک ببێتەوە و ئینجا جارێکی دیکە بەڕێکەوتوونەتەوە بۆ گەیشتن بە لووتکەی چیاکە. دەشڵێت، "بەهۆی کەشی ساردی چیاکەوە، نەمانتوانی بخەوین و هەموو شتێکمان بەستبووی."