2022 ساڵێکی دڵخواز نەبوو بۆ خاوەن کۆمپانیا و کارگەکانی سلێمانی؛ 519 کارگە داخراون


رووداو دیجیتاڵ 

بۆ بەشێک لە خاوەن کۆمپانیا و کارگەکان ئەمساڵی سلێمانی ساڵی دڵخوازیان نەبوو، چونکە وەک دەڵێن ئەوانەشیان کە دەرگەکانیان دانەخستووە، هەر بە مایەکاری ساڵەکەیان تێپەڕاند.
 
ئامانج 13 ساڵە ئەم کارگەیەی هەیە، ئێستا بەهۆی زۆریی نرخی کارەبا و زیادبوونی چەندین جۆری باج، کارگەکەی داخستووە.
 
ئامانج رەئوف، خاوەن کارگەیە لە سلێمانی و بە رووداوی گوت، "زۆرێک لە خاوەن کارگەکان چوون بەرەو پارێزگاکانی باشوور و نێوەڕاستی عێراق، بەهۆی زۆریی باج و کرێی کارەبا، خۆیشم بیرم لەوە کردووەتەوە یان کارگەکەم ببەمە دەرەوەی کوردستان، یان بیفرۆشم و بچم لە ئێران بە پارەکەی دوو کارگە لە ئێران دابنێم."
 
تەنیا لە تانجەرۆ، ئەو ناوچەیەی کارگەکەی ئامانجی لێیە 18 کارگەی دیکە داخراون. لەکۆی 1070 کارگەی مامناوەندی تۆمارکراویش، لە سلێمانی 519 کارگەیان داخراون.
 
ئارام بابان، جێگری سەرۆکی یەکێتیی خاوەن کارگەکانی کوردستان رایگەیاند، "هۆکارەکانی داخستنی کارگەکان زۆرن، یەکێک لەوانە رۆتینی کارگەکانە لەگەڵ نرخی کارەبا، بەتایبەت نرخی کارەبا زۆر زیانی لێداوین، چونکە ئەو پارەیەی کە دەیدەینە کارەبا، بۆمان دەرنایەتەوە، هەروەها گومرگەکان و باجی کاڵا بنچینەییە هاوردەکراوەکان زۆر زیادکراوە لەسەرمان، بۆیە کارگەکان داخراون."
 
بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست رووداو کەوتوون، "هەر ئەمساڵ 146 کارگە و پڕۆژەی پیشەسازی پڕۆژەكانیان هەڵوەشاندووەتەوە و جگە لە کارگەکان هەر ئەمساڵ 663 نووسینگەی كڕین و فرۆشتنی خانوو و زەوی داخراون، هەروەها 82 پێشانگەی ئۆتۆمبێلیش نوێکردنەوەی مۆڵەتەكانیان رەتكردووەتەوە."
 
هاوکات بەپێی ئاماری کۆمەڵەی میوانخانە و چێشتخانەکان، تەنیا لە ئەمساڵدا 75 هۆتێل و مۆتێل و شوێنی گەشتیاری داخراون.
 
مەحموود تۆفیق، سەرۆکی لقی سلێمانیی کۆمەڵەی چێشتخانە و میوانخانەکانی سلێمانی بە رووداوی راگەیاند، "باجێکی زۆرمان لەسەرە، پارەیەکی زۆرمان لەسەرە، هی کارەبا و ئاو و دەستەبەری کۆمەڵایەتی و ژمارەیەک باجی جۆراوجۆر ئەوە وایکردووە ئەو شوێنانە دابخرێن، تەنانەت لە نوێکردنەوەی مۆڵەتیش باجێکی زۆرمان لێ وەردەگیرێت، بۆیە ئەو شوێنە گەشتیارییانە شوێنەکانیان داخستووە."
 
ژمارە و ئامارەکان دەریدەخەن کە ئەمساڵ ساڵێکی خراپی ئابووری بووە بۆ خاوەن کارگە و سەرمایەدارەکان لە سلێمانی، خۆشیان دەڵێن گەر وابڕوات رۆژ لەدوای رۆژ خاوەن سەرمایەکان بیر لە گواستنەوەی سەرمایەکانیان و جێهێشتنی سلێمانی بکەنەوە.